ئۆباماکەیر، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییەیە کە لە ساڵی 2010ەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی بووەتە بەشێک لە سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە. ئامانجی سەرەکیی خزمەتگوزارییەکە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دابینکردنی بیمەی تەندروستییە بۆ هەموو کەسێک، لە ناویاندا ئەو کەسانەش کە لە رووی داراییەوە ناتوانن بیمەی تەندروستییان هەبێت.
پاش ئەوەی خزمەتگوزارییەکە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ملیۆنان ئەمریکی سوودیان لە خزمەتگوزارییەکە وەرگرتووە و هاوکات پارێزراویشن لە تاکتیکی بازرگانیی کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمەی تەندروستی، کە دەکرێت لە کۆتاییدا، بە زیانی چارەخواز بشکێتەوە، لە رووی تەندروستی و داراییشەوە.
بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە ئۆباماکەیر سوودمەند بوون، کەسانی بێکار و ئەو کەسانەن کە داهاتێکی مانگانەی کەمیان هەیە. هەندێکیان بە هۆی هۆکاری خێزانی یان پەککەوتنیانەوە بە هۆی حاڵەتێکی تەندروستییەوە. یەکێکی دیکە لە خاڵە ئەرێنییەکان، ئەو کەسانەی کە گرفتێکی تەندروستیی پێشوەختە یان نەخۆشییەکی درێژخایەنیان هەیە، بۆ نموونە شەکرە، سوودیان لە ئۆباماکەیر وەرگرت.
لە کامپەینی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان، جەخت لە پاراستنی ئۆباماکەیر و بەرەوپێشبردنی دەدات و دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان، پێیوایە دەبێت خزمەتگوزارییەکە رابوەستێنرێت و بە پلانێکی دیکە شوێنی بگیرێتەوە. بە گوتەی ترەمپ، ئۆباماکەیر بەسەرچووە و بۆ ئەمڕۆ نابێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا هیچ پلانێکی جێگرەوەی هەیە؟ ترەمپ گوتی: "پلانم نییە، بەڵام بیرۆکەی پلانێک لە مێشکمدایە."
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی بۆ چارەخوازان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی جیاواز بۆ کەسانی هەژار و بێکار، بەشێک لەو کەسانەی لە کەرتی تەندروستیدا کاردەکەن دژی خزمەتگوزارییەکەن و پێیانوایە فشارێکی زۆری لەسەر کارمەندانی کەرتی تەندروستی دروستکردووە و ئەم ماندووبوونە زۆرە، رەنگە لە دوورمەودادا، بە زیانی چارەخواز بشکێتەوە، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر جۆرێتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی دروستدەکات. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئۆباماکەیر، وەکو هەموو سیستم و خزمەتگوزارییەکی دیکە، دەکرێت لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنیشی هەبێت.
لە گرنگترین لایەنە ئەرێنییەکانی، زۆرترین ئەمریکی ئێستا خاوەنی بیمەی تەندروستین. تەنیا لە 5 ساڵی یەکەمی دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکەدا، 16 ملیۆن ئەمریکی، کە پێشتر بیمەیان نەبوو، بوونە بەشێک لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکە و ئێستا بیمەی تەندروستییان هەیە.
سوودێکی دیکەی ئۆباماکەیر، ئەمریکییەکان بە پارەیەکی کەمتر، کە زۆرینەی دانیشتوان پێیان هەڵدەسوڕێت، دەتوانن ببنە خاوەنی بیمەی تەندروستی. یەکێک لە فۆکەسە سەرەکییەکانی خزمەتگوزارییەکە ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی دابینکردنی بیمەی تەندروستی نەتوانن بە گوێرەی ویستی خۆیان، نرخی زۆر لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دابنێن. ئەمە مانای ئەوە نییە کە بیمەی تەندروستی و دابینکردنی چارەسەری پزیشکییە بەلاشە، بەڵام نرخەکەی گونجاوە و زۆرینەی ئەمریکییەکان دەتوانن بیمەی تەندروستییان هەبێت.
لە رابردوودا، ئەو کەسانەی گرفتێکی تەندروستییان هەبوو، بۆ نموونە شەکرە یان شێرپەنجە، نەیاندەتوانی سوود لە بیمەی تەندروستی وەربگرن، ئێستا ئەو گرفتە چارەسەر کراوە و ئەو چارەخوازانەش دەتوانن چارەسەری درێژخایەنی نەخۆشییەکانیان لە رێی ئۆباماکەیرەوە وەربگرن. هاوکات، ئەو دەرمانانەی بە رەچەتەی پزیشک وەردەگیرێن، نرخیان کەمترە.
سەرەڕای ئەمانە، چەند لایەنێکی نەرێنیشی هەیە، لەوانە، دەکرێت بە هۆی نەبوونی بیمەی تەندروستییەوە کەسێک سزا بدرێت. ئامانجی ئۆباماکەیر ئەوەیە کە هەموو کەسێک بیمەی هەبێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر کەسێک بەشداریی نەکردبێت و بیمەی نەبێت، لەوانەیە سزا بدرێت و پێویست بکات بڕە پارەیەکی کەم بدات. هەرچەندە لەم دواییەدا، ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و سزاکە گۆڕاوە.
لایەنێکی نەرێنیی دیکەی ئۆماباکەیر، بە گوێرەی قسەی کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەرزبوونەی رێژەی باج و زیادبوونی باجە. ئەمەش زیادبوونی باجی ئامێرە تەندروستییەکان و پێداویستییە بازرگانییە تەندروستییەکان دەگرێتەوە. هاوکات، باجی سەر ئەو کەسانەش زیادیکردووە کە داهاتی مانگانەیان زۆرە، بە کورتی، سیستمەکە بەوجۆرەیە کە کەسانی دەوڵەمەند پارەی خزمەتگوازاریی تەندروستیی کەسانی هەژار دەدەن، ئەمەش یەکێکە لەو شتانەی دۆناڵد ترەمپ دژیەتی و پێیوایە پێویستە سیستمەکە بە جۆرێک بێت کە چینی مامناوەند و سەرەوەی کۆمەڵگەش سوودی لێوەربگرن نەک تەنیا چینی خوارەوە، ئەمەش یەکێک لەو بۆچوونانەی کە بەکاری دەهێنێت بۆ بەرگریکردن لە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.
یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی ئۆباماکەیر ئەوەیە کە زۆر لە کۆمپانیاکان ژمارەی کارمەند و کاتژمێری کارکردنی کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە، بۆ ئەوەی پێویست نەکات پارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بدەن. بە گوێرەی یاساکە، هەر کۆمپانیا یان خاوەن کارێک کە زیاد لە ٥٠ کارمەندی هەیە، پێویستە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بۆ دابین بکات یان پارەی زیاتریان بداتێ لەگەڵ مووچەکەیاندا. ئەمەش وای لە کۆمپانیاکان کردووە کارمەندەکانیان بنێرنەوە ماڵەوە یان کاتژمێری کارکردنیان کەم بکەنەوە و ئەمەش لە کۆتاییدا بە مانای بێکاربوونی خەڵک و کەمکردنەوەی مووچەی کارمەندی کۆمپانیاکان دێت.