ئامێرەکان و بێمتمانەیی و زانیاری هەڵە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

ئامێری دەنگدان وێنە: AP

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەمڕۆ، 5ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەدەچێت، تەکنەلۆجیاش جارێکی دیکە فاکتەرێکی سەرەکی ناو مەیدانەکەیە.

لەم راپۆرتەدا باسێک لەو سیستم و ئامێرانەتان بۆ دەکەم کە لە هەڵبژاردنەکە بەکاردەهێنرێت، باسیش لەو گومان و تۆمەتانە دەکەم کە لەبارەی سەلامەتیی ئامێرەکانەوە هەیە.

لە مێژووی ئەمریکادا، پێنج جۆر ئامێری دەنگدان بەکارهێنراون: فۆرمی دەنگدان، ئامێری لێڤەری میکانیکی، ئامێری پەنچ کارت، سیستمی سکانکردنی کارتی دەنگدان و ئامێری ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی راستەوخۆ.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024، سیستمی دەنگدانی سکانکردنی بینایی یان ئۆپتیکاڵ، بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت بۆ ژماردنی دەنگە فیزیکییەکانی دەنگدەران، لە سەرانسەری ئەمریکاشدا تەنیا 10 کۆمپانیا رێگەپێدانیان هەیە بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، هەرچەندە لە هەندێک ناوچەی دیکە لەوانەیە شێوازی دیکەش بەکاربهێنرێت.

دەنگدەران لە شوێنێکی تایبەت بە دەنگدان، لە رێگەی فۆرمێکەوە دەنگی خۆیان دەدەن، دواتر لە رێگەی سندوقێکی تایبەتەوە دەنگەکەیان سکان دەکرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ئامێرەکە دەنگە فیزیکییەکەش دەهێڵێتەوە، تاوەکو لە حاڵەتی هەبوونی کێشەدا، بتوانرێت دەنگەکان بە دەستی ئەژماربکرێن،

بێگومان هەموو پرۆسەکە پەیوەستە بە سۆفتوێر و کۆمپیوتەرەکانەوە، ئەمەش مەترسیی هاک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەربۆیە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکاردان بۆ پاراستنی سیستمەکان و چەندی رێکاری جیاواز بۆ ئەم مەبەستە دەگرنەبەر.

زۆرجار بەرپرسانی هەڵبژاردن، سیستمەکان لە ئینتەرنێت دادەبڕێنن و ئامێری وەکو (یو ئێس بی) بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان، کاتێک کە هێڵی ئینتەرنێتیش پێویست بێت، زۆرجار بەرپرسانی هەڵبژاردن، تۆڕی تایبەت بەکاردەهێنن تاوەکو پرۆسەکە سەلامەتبێت، لەگەڵ ئەوەمەدا هەنگاوی دیکەش دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی هەر لاوازییەک کە لە سیستمەکاندا هەبن.

ئەمریکییەکان ئەمڕۆ بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەڕۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، چەند رۆژێک پێش دەنگدانی گشتی، چەندین تیۆری لەبارەی سەلامەتی ئامێرەکانی دەنگدانەوە بڵاوبووەتەوە.

پێشتریش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هەندێک بێمتمانەیی بە سیستەمی دەنگدان بڵاوکردەوە، کە لەلایەن هەندێک لە کۆمارییەکان و لایەنگران و دەزگاکانی راگەیاندنەوە باسیان لێدەکرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی دروستکەری ئامێرەکای دەنگدان سکاڵا لەسەر چەندین دامەزراوەی میدیایی تۆماربکەن.

دیارترینیان کۆمپانیای دۆمینیۆنی سیستمی دەنگدان بوو کە سکاڵای یاسایی ناوزڕاندنی لەسەر کەناڵی فۆکس نیوز تۆمارکرد، دەرکەوت ئەو تیۆرییانەی باس لە ساختەکاری و هاککردنی سیستمەکان دەکەن بێ بنەمان، لەدوای ئەمەش، دادگاکانی ویلایەت و فیدراڵی وڵاتەکە، زیاتر لە 60 داوای یاساییان لە سەرانسەری شەش ویلایەتدا رەتکردەوە، کە ترەمپ و هاوپەیمانەکانی تۆماریانکردبوو، بەو هیوایەی ئەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانە بکەنەوە.

ئەمساڵیش قسە لەبارەی سیستمی هەڵبژاردنەوە بەردەوامە، ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری تێسلا و سپەسئێکسە و لە هەمانکاتدا دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، پاڵپشتیکارێکی سەرەکی ترەمپە، لەم دواییانەدا بەردەوام بوو لە وروژاندنی پرسی ئامێرەکانی دەنگدان و لە هۆڵێکی شارەوانی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بە جەماوەرەکەی وت:"دواین شت کە دەیکەم متمانەکردنە بە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەر، چونکە هاککردنی زۆر ئاسانە".

بەگوتەی کۆمپانیاکان، هەموو ئامادەکارییەکیان ئەنجامداوە، تاوەکو ئەو کێشانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 روویدا دووبارە نەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ نەهێشتنی متمانە بە ئامێرەکان.