بۆچی ترەمپ و هاریس گرنگی بە یاسای لەباربردنی منداڵ و نرخی دەرمان دەدەن؟

دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس

ئەمڕۆ، سێشەممە پێنجی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. دوو بەربژێری سەرەکیی هەڵبژاردنەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان، هەروەها کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکانن.

لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە، هەردوو بەربژێرەکە پلانی خۆیان بۆ پرسە جیاوازەکان خستووەتەڕوو، یەکێکیش لە بابەتە گرنگەکان بەلای هەردووکیانەوە، تەندروستی بووە، کە سێ پرسی سەرەکی خراونەتەڕوو: بیمەی تەندروستی، مافی لەباربردنی منداڵان و نرخی دەرمان.

بۆچی بەربژێرەکان گرنگی بە نرخی دەرمان دەدەن؟

نرخی دەرمان یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان کە هەردوو بەربژێرەکە دەیانەوێت لەڕێگەوەیە دەنگی دەنگدەران بۆخۆیان رابکێشن و ببنە 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ئەمریکا تێچووی کڕینی دەرمان نزیکەی سێ هێندەی وڵاتانی دیکەیە. گرانیی دەرمان وایکردووە کە وەکو لە راپۆرتەکانی رێکخراوی راندا هاتووە، "کاتێک پزیشک دەرمان بۆ ئەمریکییەکان دەنووسێت، لە پێنج کەسیان یەکێکیان بەهۆی گرانییەوە دەرمانەکە ناکڕن؛ لە 10 ئەمریکیش یەکێکیان دەرمانەکەی دەکات بە نیوە بۆ ئەوەی بەشی ماوەیەکی زیاتری بکات."

یەکێک لەو دەرمانانەی کە دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس گرنگیی پێدەدەن و هەردووکیان لەسەری کۆکن، ئنسۆلینە، چونکە لە ئەمریکا زیاتر لە 36 ملیۆن تووشبووی شەکرە هەن و پلانی بەربژێرەکان بۆ نرخی ئەم دەرمانە، کاریگەریی لەسەر دەنگی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا دادەنێت. هەردوو بەربژێرەکە لە ماوەی بانگەشەکانیاندا قسەیان لەسەر ئەوە کردووە کە بەهیچ جۆرێک نابێت تێچووی مانگانەی ئنسۆلین لە 35$ زیاتربێت.

کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەکاندا

لەلایەکی دیکەوە، کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان پرۆژەیەکی پێشکەشکردووە کە بە گوتەی خۆی "نابێت هیچ تاکێکی ئەمریکی ساڵانە بۆ کڕینی دەرمان زیاتر لە 2000$ لە گیرفانی خۆی خەرجبکات"

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لێدوانێکی روونی لەسەر نرخی دەرمان نەداوە، بەڵام بەربژێرەکەی کۆمارییەکان زیاتر گرنگی بە بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت دەدات، ئەو بۆچوونی وایە دەبێت کۆمپانیاکان ئازادبن لە دانانی نرخ بۆ دەرمان و خزمەتگوزارییەکانی بیمە، بۆئەوەی پێشبڕكێی هەرزانکردنی نرخ لەنێوانیاندا دروستببێت و نرخی دەرمانەکان داببەزێت.

بەربژێرەکان لەسەر لەباربردنی منداڵ چیدەڵێن؟

چەند ساڵێکە مافی لەباربردنی منداڵ لەلایەن خانمانەوە، بووەتە پرسێکی گەرم لە وڵاتانی رۆژئاوا. لە مانگی ئازاری 2024ـدا، فەڕەنسا بوو بە یەکەمین وڵات مافی لەباربردنی منداڵی کرد بە مافێکی بنچینەیی خانمان. دیموکراتەکانی ئەمریکا، دەمێکە شەڕ بۆ دەستەبەرکردنی مافی لەباربردنی منداڵ بەبێ مەرج بۆ خانمان دەکەن و کامالا هاریس پلانی وایە ئەگەر دەربچێت، مافی لەباربردنی منداڵ بۆ هەموو خانمێک بەبێ مەرج دەستەبەربکات.

پشتگیریی هاریس لەو مافە، دەنگی بەشێک لە خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. بەگوێرەی راپرسییەکی CBS، نزیکەی %60ـی ئەمریکییەکان پشتگیریی مافی لەباربردنی منداڵ دەکەن؛ نزیکەی %76ـی ئەو خانمانەش کە پشتگیریی یاساکە دەکەن، بڕیاریانداوە دەنگ بە کامالا هاریس بدەن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەکانەوە پەیامێکی روونی نەبووە، چەند جارێک بۆچوونی جیاواز و دژبەیەکی لەسەر مافی لەباربردنی منداڵ خستووەتەڕوو. هەرچەندە بەربژێرەکە لە هیچ شوێنێکدا پشتگیریی تەواوی بۆ خانمان دەرنەبڕیوە، بەڵام جاروبار رەخنەی لەو ویلایەتانەی ئەمریکا گرتووە کە لەباربردنی منداڵیان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکردووە.

یەکێک لەو ویلایەتانە، فلۆریدایە کە بە هیچ جۆرێک رێگەنادات لەدوای هەفتەی شەشەمی دووگیانییەوە منداڵ لەبارببرێت.

"من ئەوەم پێ هەڵەیە، شەش هەفتە کەمە و دەبێت ماوەکە زیاتر بکرێت، هەروەها دەبێت لە هەندێک حاڵەتدا ئاسایی بێت منداڵ لەبارببرێت"

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا

ئێستا لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر خانمێک بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە دووگیان بێت، یان بەهۆی منداڵەکەی ناو سکییەوە مەترسیی بکەوێتە سەر ژیانی، رێگەنادرێت منداڵەکەی لەبارببات، بەڵام بەربژێرەکەی کۆمارییەکان دەڵێت بە بۆچوونی ئەو دەبێت لەو حاڵەتانەدا لەباربردنی منداڵ بە یاسا رێکبخرێت.

کامالا هاریس، لە بانگەشەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ترەمپ دەربچێت، لە هیچ حاڵەتێکدا رێگە بە لەباربردنی منداڵان نادات

"تەنانەت دەکرێت ژنێک خوێنی لەبەربڕوات و ژیانی لە مەترسیدا بێت، بەڵام پزیشکەکان لە ترسی ئەوەی سزابدرێن، منداڵەکەی بۆ لەبارنەبەن و ژنەکە گیانلەدەستبدات.

کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

جگە لە نرخی دەرمان و لەباربردنی منداڵ، بەربژێرەکان لە کاتی بانگەشەدا باسیان لە رێکخستنی یاساکان بۆ دانانی منداڵی بلووری، حەبی رێگریکردن لە دووگیانی، بیمەی تەندروستی، کەرتی گشتی و تایبەت کردووە.