زياتر لە سێ مليۆن و 500 هەزار هاوڵاتیی ئەمريکی ناتوانن لە هەڵبژاردنی سەرۆکايەتيدا دەنگبدەن، ئەوان خەڵکی 16 ناوچە و دوورگەن کە لە خاکی ئەمريکان و دەکەونە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکە.
بەشێک لەو ناوچە و دوورگانە بريتين لە: پۆرتۆ ريکۆ، گوام، ڤێرجین، ماریانا باکوور، ناوچەی ساموا، دوورگەی وەيک و چەند ناوچەيەکی ديکە.
دانیشتووانى ئەم ناوچانە ناتوانن دەنگبدەن لەبەرئەوەی شوێنەکانيان ويلايەت نيیە و نوێنەری کۆماری يان ديموکراتەکانيان بۆ ديارى ناکرێت، تەنانەت سندوقی دەنگدانيشيان تێدا دانانرێت.
بەڵام ئەگەر دانیشتووانى ئەم شوێنانە بچنە هەر يەکێک لە 50 ويلايەتەکەی ئەمريکا و ناوی خۆيان بۆ دەنگدان تۆمار بکەن، ئەوا دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بکەن.
دوورگەی پۆرتۆ ريۆ، گەورەترين ناوچەی ئەمريکايە، زياتر لە سێ مليۆن دانيشتووی هەيە کە ناتوانن دەنگبدەن، لە رووی رووبەرەوە لە ويلايەتی ديلاوێر گەورەترە.
لە ساڵی 2022 پڕۆژەياسايەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمريکا پەسەند کرا بۆ ئەوەی دوورگەی پۆرتۆ ريۆ، شوێنی گەورەبوونی جۆ بايدن سەرۆکی ئەمريکا چارەنووسی خۆی يەکلایی بکاتەوە، بەگوێرەی پڕۆژەياساکە مافی ئەوە دەدرێت بە دانيشتووانەکەی چارەنووسی دوورگەکە يەکلايى بکەنەوە، واتە هەڵبژاردن بکەن لەنێوان ئەوەی دوورگەکە هەر بە خاکی ئەمريکا بمێنێتەوە، ياخود ببێتە دەوڵەت و سەربەخۆبێت، بەڵام پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی پیران وەستا.
يەکلايبوونەوەی چارەنووسی ئەم ناوچانە دەيان ساڵە مشتومڕی لەسەرە، چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ ئەم بێبەشبوونە لە دەنگدان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانن.