وەرزشکاران لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بوون بە دوو بەشەوە

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا جگە لە کێبڕکێی سیاسیی نێوان کۆماری و دیموکراتییەکان، وەرزشکارانی کردووە بە دوو بەرەی جیاواز و رکابەرەوە.
بەرەیەک لایەنگریی دۆناڵد ترەمپ و بەرەیەکی دیکە لایەنگری کامالا هاریس دەکەن.
لە گرنگترین ئەو کەسایەتییانەی پشتیوانیی خۆیان بۆ دۆناڵد ترەمپ دەربڕیووە، پێکهاتوون لە دانا وایت، بەرێوەبەری یارییە جەنگاوەرییەکانی (یو ئێف سی) و مایک تایسنی ئەفسانەی بۆکسێن، هەروەها ستیڤ کەیری راهێنەری ئەفسانەیی هەڵبژاردەی باسکەی ئەمریکان.
پشتیوانانی ترەمپ وەک دەردەکەوێت، زۆرینەیان هاوشێوەی خۆی سەرکێشن و بوونی مایک تایسن لە چوارچێوەکەدا دەریدەخات، تەنیا سپی پێستەکان پاڵپشتی ناکەن و زۆرێک لە یاریزانە ئەسمەرەکانیش سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشوویان بەدڵە.
لەبەرامبەردا وەرزشکارە پشتیوانەکانی کامالا هاریس بەهێزتر دەردەکەون، ئەستێرەگەلێک لەژێر ناوی "پشتیوانانی هاریس"، بەوپەڕی هێزەوە پاڵپشتیی کەمپەینی دیموکراتییەکان دەکەن.
بەناوبانگترین ئەوانەی لایەنگری هاریسن، پێکهاتوون لە پادشای باسکەی ئەمریکا، لیبرۆن جەیمس و ستیفان کاری ئەستێرەی گۆڵدن ستەیت واریەرز.
بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابوون ئەستێرەکانی بواری وەرزش بەلای خۆیاندا رابکێشن.
بابەتەکە جگە لەوەی سیاسییە، کاریگەریش لەسەر رێژەی دەنگەکان دروستدەکات، چونکە زۆرینەی ئەو وەرزشکارانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەدان ملیۆن هەواداریان هەیە، تەنیا بە پۆستکردنی بۆچوونەکانیان، یاخود هەر بابەتێک لەسەر کەمپەینی بەربژێرە دڵخوازەکانیان، دەیان هەزار دەنگ بۆ ئەو لایەنە مسۆگەردەکات.
هەر لەبەرئەوەشە، راوێژکارانی دوو بەربژێرەکە پێیانوایە، لەگەڵ کێبڕکێی سیاسیدا، پێویستە کێبڕکێی وەرزشیش بکرێت، هەر کامێکیشیان گوریسی وەرزشکاران زیاتر بەلای خۆیدا رابکێشێت، دەنگی وەرزشیی زیاتریش کۆدەکاتەوە.
