دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بازرگانێکی سیاسییە و لەپاڵ پیشە ئاساییەکەی خۆیدا هەوادارێکی سەرسەختی وەرزشە و تەنانەت جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ترەمپ وەرزشکارێکی پرۆفیشناڵیشە و هاوڕێی بوارەکەیە.
یەکێک لەو خاڵانەی ترەمپ شانازی پێوەدەکات ئەوەیە، کە لەسەردەمی ئەودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە دۆسیەی سازکردنی مۆندیالی 2026 لە خاکی خۆیاندا، تەنانەت سوودی لە پەیوەندییەکانی جارید کۆشنەری زاوای وەرگرتووە، لەبابەتی دەستنیشانکردنی یاریگەی میتلایف وەک یاریگەی یاریی کۆتایی ئەو مۆندیالە.
ترەمپ جگە لە جوجۆڵە سیاسییەکانی، لە یاریی گۆڵفیشدا یاریزانێکی بەتوانایە.
لەساڵی 2020 تۆڕی "سی ئێن ئێن"، راپۆرتێکی سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی ئەم بەربژێرە ئاشکرا کرد و بە ئامارەوە دەریخست، کە ترەمپ کاتێک سەرۆکی ئەمریکابووە، لەسەددا 20ی کاتەکانی لە یاریی گۆڵفدا بەسەربردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕەکە، دۆناڵد ترەمپ، لە 2016وە کە پۆستی سەرۆکی ئەمریکای وەرگرتووە تاوەکو 2020 لانیکەم ماوەی 252 رۆژی لە یارییەکانی گۆڵف بەسەربردووە، تەنانەت پێش ئەوەی کامالا هاریس خۆی بەربژێر بکات، ترەمپ ئاڵنگاری جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای دەکرد و دەیگووت، "یەک ملیۆن دۆلاری پێدەدەم ئەگەر توانی یارییەکی گۆڵفم لێبباتەوە.
ترەمپ جگە لەوەی حەزی لە یاریی گۆڵفە و بە گووتەی خۆی، لە یاریزانە پیشەگەرەکان باشتری لێدەزانێت، لە ساڵی 2006یشدا دوو یاریگەی ئەم یارییەی لە سکۆتلەندا کڕی و بڕیاریشە لە 2025دا یاریگەیەکی دیکە لە ئەبیردینشایەر لە سکۆتلەندا بکاتەوە.
تەنانەت باس لەوە دەکرێت، کە لە ئەمریکاش یاریگەی گۆڵف و یانەی وەرزشیی تایبەتی لەم یارییەدا هەیە و لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا توڕەیی و شادی خۆی بە دارێکی گۆڵف و چەند تۆپێک خامۆش دەکاتەوە.