چوونی لیۆ مێسی بۆ خولی ئەمریکا کاریگەریی ئابووری هەبوو

تۆپی پێ لە ئەمریکا هاوشێوەی ئەوروپا نییە، هاندەران و وەرزشکاران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر سەرسامن بە یارییەکانی باسکە و تۆپی پێی ئەمریکی و بەیسبۆڵ.

لە 2007 وە کاربەدەستانی وەرزشیی ئەمریکا دەستیانکردە پرۆژەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی تۆپی پێ لە وڵاتەکە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین یاریزانیان لە یانەکانی ئەوروپاوە گواستەوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانی ئامانجەکە بپێکن.

تاوەکو لە ساڵی 2018 دەیڤید بێکهام لەگەڵ هاوڕێکانیدا یانەی ئینتەر مەیامی دامەزراند و هاوشانی یانەکانی گالاکسی و دی سی یونایتد، گۆنزالۆ هیگواین و زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ و واین روونی-یان لە ئەوروپاوە هێنا، بەڵام هێشتا پێویستییان بە سەرنجی زیاتر بوو.

لە ساڵی 2023 ئەوە روویدا کە ئەمریکییەکان چاوەڕوانیان دەکرد، لیۆنێل مێسی پەیوەندیی بە ئینتەر مەیامیەوە کرد، هاتنی یاریزانێک کە خاوەنی زیاتر لە 40 ناسناوی بەکۆمەڵ و هەشت باڵۆندۆر و پێگەی باشترینی مێژووە، بەهێزترین کاردانەوەی لێکەوتەوە و خولەکەی بردە ئاستێکی بەرزتر.

چوونی مێسی بۆ ئەمریکا، دەرگای بەرووی دەیانی دیکەدا کردەوە، سێرجیۆ بوسکێتس، لویس سوارێز و جۆردی ئەلبا کە لەپێشوودا بۆ بەرشلۆنە یارییاندەکرد، روویانکردە مەیامی.

ئەم هەنگاوانەش کاریگەرییان لەسەر تۆپی پێی وڵاتەکە و ئاستی یاریزانانی ئەمریکا و تەنانەت رێژەی ئامادەبوونی جەماوەری و نرخی بلیت و ئابووری خولەکەش دروستکرد، بەجۆرێک کە خولی تۆپی پێی "ئێم ئێڵ ئێس" لە خولێکی ئاساییەوە بووە سێیەم پڕجەماوەریترین خول لە وڵاتەکەدا.