ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر زۆرینەی سێکتەرەکان جیاوازەکان دروستدەکات، بەو پێیەی وڵاتەکەش ماڵی زۆرینەی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە گەورەکانی جیهانە، چاوەڕواندەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر سێکتەری تەکنەلۆجیاش دروستبکات.
راپرسییەکی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکات، 74%ـی سەرکردەکانی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا، بۆچوونیان وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر توانای پیشەسازییەکە بۆ کێبڕکێکردن لە ئاستی جیهانیدا دروستدەکات، بە تایبەتیش لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و سیاسەتی بازرگانی.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەر یەکەیان بۆچوون و پلانی جیاوازیان هەیە بۆ داهاتووی تەکنەلۆجیای وڵاتەکە.
ژیریی دەستکرد
بەردەوام مشتومڕ لەبارەی سنووردارکردنی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردەوە هەیە، ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆک، کەمترین سنووردارکردنی ژیریی دەستکرد دەکات، تاوەکو باڵادەستی ئەمریکا لە پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیاکەدا بپارێزێت و بەردەوامی پێبدات، هەروەها ترەمپ گرنگیدەدات بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکە لەبواری بەرگریی سەربازیدا بەتایبەت بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، ترەمپ دەیەوێت کەمترین چاودێری فیدڕاڵی لەسەر ژیریی دەستکرد هەبێت و پشتگیری لە پەرەپێدانی سەرچاوەکراوەی تەکنەلۆجیاکە دەکات، هاوکات ترەمپ تەکنەلۆجیاکە وەکو بزوێنەرێکی بەهێز بۆ گەشەی ئابووریش دەبینێت، چونکە دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە.
کامالا هاریس، لەم بابەتەدا بە پێچەوانەی ترەمپەوەیە، پاڵپشتی سنووردارکردن و بەکارهێنانی ئیتیکی ژیریی دەستکرد دەکات، هەروەها دەیەوێت کۆمپانیاکان بە تەواوی شەفافبن لە پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد، هەروەها پێی باشە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان بکرێت، تاوەکو ئیتیکی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکە بکەنە ستاندارد و چاوەڕوانی ئەوەشی لێدەکرێت، چوارچێوەیەکی نیشتمانی بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی.
ئاسایشی ئەلیکترۆنی
یەکێک لەو سێکتەرانەی دیکە کە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، سێکتەری ئاسایشی ئەلیکترۆنییە، ئاشکرایە، ئێستا هێرشی ئەلیکترۆنی بووەتە چەکێکی ساردی دەستی وڵاتان، لە ماوەی رابردوودا، چەندین گروپ و باندی هاککەر کە لەلایەن ژمارەیەک لە وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشی ئەلیکرۆنییان بۆ سەر ئەمریکا ئەنجامدەدا، تاوەکو کاریگەری بخەنەسەر هەڵبژاردن، هەربۆیە هەریەک لە بەربژێران پلانی خۆیان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ زیاتر جەخت لە بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکاتەوە بۆ مەبەستی پاراستنی ئاسایش و بەرگری وڵاتەکە، ترەمپ ئەولەویەت دەدات بە فراوانکردنی توانا ئەلیکترۆنییە سەربازییەکان، هەروەها پشتگیری لە سنووردارکردنی چاودێری فیدراڵی لەسەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی کەرتی تایبەت دەکات.
کامالا هاریس، داکۆکی لە ستانداردە فیدراڵیەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکات، بە تایبەت لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا و پاڵپشتی لە شەفافیەت دەکات لەکاتی هەبوونی هێرشی ئەلیکترۆنی، کامالا بۆچوونی وایە جیهان دەبێت یەکبگرن بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
تەکنەلۆجیای سەربازی
بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و بەتایبەتیش ژیریی دەستکرد لە بواری سەربازیدا، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتووە، دۆناڵد ترەمپ ئەولەویەت دەدات بە ژیریی دەستکرد و بە ئۆتۆماتیکیکردن لە بواری سەربازیدا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئەمریکا، هەروەها بودجەی زیاتر تەرخاندەکات، بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان لەم بوارەدا، بەتایبەتی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلە خودڕەوەکاندا.
بەڵام کامالا هاریس، گرنگی بە بەکارهێنانی ئیتیکییانەی ژیریی دەستکرد دەدات، لە بەرگریی سەربازیدا، ئامانجی بەدیهێنانی تەکنەلۆجیای سەربازیی پارێزراو و شەفاف و باش رێکخراوە، هەروەها هانی داهێنانی سەربازی نوێ دەدات.
چیپی ئەلیکترۆنی
یەکێک لەو سێکتەرانەی بووەتە کێشەیەکی گەورەی نێوان چین و ئەمریکا، چیپی ئەلیکترۆنییە، ترەمپ ئامانجی ئەوەیە، بەرهەمهێنانی چیپی ئەمریکی زیادبکات، بە دانانی باج لەسەر هاوردەکردنی چیپ، هەروەها هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات و رێسای کەمتر بۆ سنووردارکردنیان دادەنێت، هەروەها کۆنترۆڵی توندی هەناردەکردنی چیپ دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، بەهەمان شێوە، کامالا هاریس، پشتگیری لە یاسای چیپی ئەمریکا دەکات و بودجەی فیدراڵی بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی چیپەکان دابین دەکات.