سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی وڵات لە ئەمریکا دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە، بەڵام هاوکات زۆرینەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بەبێ رێگەپێدانی کۆنگرێس جێبەجێ نابن، بەپێچەوانەشەوە سەرۆک دەتوانێت ڤیتۆی بەشێک لە پڕۆژەیاساکان بکات، کە لەلایەن کۆنگرێسەوە رەزامەندییان لەسەر دەدرێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بە رەزامەندیی کۆنگرێس پەیماننامە و رێککەوتنی نوێ بکات، دەشتوانێت پڕۆژەیاساکان واژۆ بکات یان ڤیتۆیان بکات.
یەکێکی دیکە لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک، جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەیە، کۆنگرێس پەسەندیان دەکات، هاوکات لەکاتی شەڕدا سەرۆکی وڵات وەکو فەرماندەی گشتیی سوپا رۆڵ دەگێڕێت.
سەرۆک دەتوانێت یاسای نوێ پێشنیاز بکات، دەتوانێت سەرۆکی وڵات بێت و سەرۆکایەتیی پارتە سیاسییەکەشی بکات، دەتوانێت میوانداریی شاندە باڵاکان بکات، بە فەرمی دان بە قەوارەی وڵاتاندا بنێت، دەشتوانێت فەرمانی لێخۆشبوون دەربکات، باڵیۆزەکانی ئەمریکا لە وڵاتان دەستنیشان دەکات، هەروەها مافی سەرۆکی وڵاتە کەسانێک وەک ئەندامانی دادگای باڵا و بەرپرسانی باڵای دیکە بەربژێر بکات، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتی گفتوگۆ بکات لەسەر کێشەکانی.
دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا هەموو شتێک ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین ماف هەن کە لە دەسەڵاتی سەرۆکدا نین، لەوانە دەرکردنی یاسا، راگەیاندنی شەڕ، بڕیاردان لەسەر خەرجکردنی بودجەی وڵات، شیکردنەوەی یاساکان بەبێ رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران، هەروەها دانانی ئەندامانی کابینەی حکومەت یان دادوەرەکانی دادگای باڵاش لە دەسەڵاتی سەرۆک نییە.