سەرۆکی نوێی ئەمریکا جگە لە مانەوەی لە کۆشکی سپیدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەيدا کۆمەڵێک دەستکەوت و شايستەی دارایی پێشکەشدەکرێت، کە بريتين لە:
مووچەیەکی ساڵانە
کۆنگرێس لە ساڵی 2001دا مووچەی سەرۆکی ئەمريکای لە 200 هەزار دۆلارەوە بۆ 400 هەزار دۆلار بەرزکردەوە، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە 50 هەزار دۆلاری دیکەی وەک دەرماڵەی خەرجی زيادە پێدەدرێت بۆ پێداويستييەکانی وەک جلوبەرگ و هاوشێوەکانی.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا 100هەزار دۆلار وەک بودجەی گەشتکردن وەردەگرێت، ئەمە جگە لە 19 هەزار دۆلار بۆ خۆشی و کاتبەسەربردن، مووچەکەی باجی دەخرێتە سەر، بەڵام بەگوێرەی ياسا پاداشت و دەرماڵەکانی تر باجی لەسەر نييە.
پارێزبەندی
سەرۆکەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری پاراستنی نهێنیدا پارێزگاریيان لێدەکرێت، تەنانەت دوای دەرچوونیان لە کۆشکی سپیش ئەو پارێزگارييە بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، بودجەی پاراستن و هەواڵگری نهێنی لە ساڵی 2017دا یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە.
بودجەی ديکۆری کۆشکی سپی
سەرۆکی نوێی ئەمریکا بڕی 100 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە بۆ گۆڕينی دیکۆر و دیزاین و مۆبيلياتەکانی ناو کۆشکی سپی تەرخانکراوە.
بودجەی چاککردنەوە
تێچووی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی کۆشکی سپی ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن دۆلارە، کە بودجەيەکی جياوازە و سەرۆک نايدات، هەروەها کرێکار، چێشتلێنەر، خزمەتکار و باخەوانی بۆ دابينکراوە.
بەڵام، سەرۆک مووچە دەدات بەو کارگوزار و خزمەتکار و پاککەرەوانەی کە لە ئاهەنگ و ميوانداری و بۆنە تايبەتەکانی کۆشکی سپيدا کاردەکەن.
شوێنی حەوانەوە
کۆشکی سپی کۆمەڵێک شوێنی تێدايە کە بۆ کاتبەسەربردنی سەرۆک دروستکراون و دەتوانێت چێژيان لێ وەربگرێت، وەک هۆڵی بۆڵينگ، مەلەوانگەی چارەسەری فيزيکی، یاریگای تێنس و باسکە هەروەها سینەما.
دەستکەوتی ديکە
لەنێو ئەو سوودانەی دیکە کە سەرۆکی ئەمریکا وەریدەگرێت، شوێنێکی تايبەتی بۆ حەوانەوە بۆ تەرخانکراوە لە کەمپ دەيڤد کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای واشنتن لە ویلایەتی مێریلاند.
هاوکات چاودێری تەندروستی، فڕۆکەیەکی تايبەتی بۆینگ بەدەستدەهێنێت، کە تێچووی کارکردنی نزیکەی 200 هەزار دۆلارە بۆ هەر کاتژمێرێک، ئەمە جگە لە هێلیکۆپتەرێکی جۆری مارین وەن.