عێراق رەزامەندی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پیشاندا

پرۆژەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پیشاندا، بڕیاریشیدا تێچووى بەرهەمهێنانەکەى بۆ 16 دۆلار زیادبکات، ئەوەش پاش 19 مانگ لە راگرتنى هەناردەى نەوت دێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران، بەغداد رەزامەندی بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان پیشاندا.

گوتیشى "بەغداد رازیی بووە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیادبکات"، پێشتر کەمال محەمەد، وەزیرى سامانەسروشتییەکان بە وەکالەت، رایگەیاندبوو، خەرجى دەرهێنانى یەک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان 23 دۆلارە.

رۆژى 25ـى ئازارى 2023 هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەبڕیارى دادگاى ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى لە رێگەى بۆرى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان لە تورکیا هەناردەدەکرد.

لەماوەى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، چەندین کۆبوونەوە لە نێوان وەزارەتى نەوتى عێراق و وەزارەتى سامانەسروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، دوایینجار لە دوو مانگى رابردوو شاندى وەزارەتى سامانەسروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەغداد کۆبوونەوە، کە ئامادەییان پیشاندا بۆ گۆڕانکارى لە گرێبەستە نەوتییەکان بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیی کۆمپانیا نەوتییەکان.

 لەسەر بنەماى سکاڵایەکى حکومەتى عێراق لەبارەی فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان لەنێوان ساڵانى 2014 بۆ 2018، دادگاى ناوبژیوانیی پاریس هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى بەبێ ئاگاداریی عێراق بە نادەستوورى ناوبرد.

دادگاى ناوبژیوانیی پاریس بڕیاریدابوو بەبڕى یەک ملیار و 470 ملیۆن دۆلار تورکیا قەرەبووى داراییی حکومەتى عێراق بکاتەوە، کە لەو وڵاتەوە نەوتى هەرێمى کوردستان دەچووە بەندەرى جەیهان و لەوێوە بۆ بازاڕەکانى جیهان، بەڵام هێشتا تورکیا ئامادە نییە بڕى ئەو قەرەبووە داراییە بداتە بەغداد.

هاوکات، زیانە داراییەکانى راگرتنى نەوتى هەرێمى کوردستان مانگانە بە یەک ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام کۆمەڵەى پیشەسازیی نەوتى کوردستان"ئەپیکۆر"، زیانە داراییەکانى بە 22 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.