وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

یواڤ گالانت

یواڤ گالانت لە پۆستی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوورخرایەوە و لەوبارەیەوە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، " متمانەی نێوان من و گالانت درزی تێکەوتووە".

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوورخستنەوەی ئەو وەزیرە لە پۆستەکەی بەهۆی داڕمانی متمانەیەتی لەگەڵ نەتانیاهوو لەسەر پرسی جەنگ لە کەرتی غەززە.

لەو بارەیەوە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، "پابەندبوونی سەرەکیم وەک سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە و گەیشتنمانە بە سەرکەوتنی تەواو."

نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کاتی جەنگدا، متمانەی نێوان سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری پێویستییەکی تەواوە، لە هەڵمەتەکانی مانگەکانی رابردوو ئەو متمانەیەمان هەبوو و کارەکانیشمان بەرهەمداربوو."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەداخەوە ئێستا متمانەی نێوان من و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل درزی تێکەوتووە."