بەڵگەیەکی دێرینی بەکارهێنانی گیا دەرمانییەکان لە شوێنەوارێکی مێژوویی مەغریب دۆزرایەوە

توێژەرانی پەیمانگەی کەلەپوور و شوێنەواری نیشتمانیی مەغریب، بەڵگەی بەکارهێنانی گیای دەرمانییان لە یەکێک لە دێرینترین ئەشکەوتەکانی وڵاتەکە دۆزییەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی پەیمانگەی کەلەپوور و شوێنەواری نیشتمانیی وڵاتی مەغریب، لە ئەشکەوتی "Grott des Pigeons"، توانیویانە بەڵگەی بەکارهێنانی گیای دەرمانیی بدۆزنەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 15 هەزار ساڵ لەمەوبەر.

بە گوتەی شارەزایانی پەیمانگەکە؛ ئەم دۆزینەوەیە، تێگەیشتنەکانی ئێستا بەرەوپێشدەبات لە بواری بەکارهێنانی گیای دەرمانیی و تەکنیکەکانی چارەسەرکردن لەلای مرۆڤە سەرەتاییەکان، هاوکات، پاڵنەر دەبێت بۆ دەوڵەمەندکردنی مێژووی بەکارهێنانە پزیشکییە مرۆییەکان.

جۆری گیایەکە پێیدەگوترێت "Ephedra"، کە ئێستا، یەکێکە لە ناسراونترین جۆری گیا دەرمانییەکان، بەکارهێنراوە بۆ هەناسە توندی، هەوکردنی سییەکان و هەستیاری.

بەگوێرەی توێژینەوەی پەیمانگەکە؛ ئەم دۆزینەوەیە، جەختکردنەوەیە لە توانا و پاشخانی زانیاریی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە بەکارهێنانی گیا دەرمانییەکان و بوونی هۆشیاریی سەبارەت بە شێوازەکانی چارەسەر.

ئەم ئەشکەوتە، ساڵی 1908 دۆزراوەتەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، بەردەوام کنە و پشکنینی تێدا ئەنجامدەدرێت و پاشخانێکی فراوانی دامەزراندووە بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مرۆڤەکانی پێش مێژوو لە باکووری ئەفریقا، هەمان شوێنەوار، وەکو کۆنترین گۆڕستانی ناوچەکەش دیاریکراوە.