هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت بە ئامادەبوونى سەرۆکوەزیران و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکە جەخت لە دوورخستنەوەى عێراق لە شەڕ کرایەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت هەڵسەنگاندنى بۆ کارەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى عێراق کردووە و داوایکردووە وەرزى یاسادانانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق درێژ بکرێتەوە بە لەبەرچاوگرتنى ئەو دۆخە هەستیارەى عێراق پێیدا تێدەپەڕێت.
داوای هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە پێناو پەسەندکردنى هەندێک یاساى گرنگە بەتایبەت هەموارى مادەیەکى بودجەى عێراق تایبەت بە 'نەوت' وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوپەیمانییەکە جەخت لە کارى پێکەوەیی دەکاتەوە بۆ دوورخستنەوەى عێراق لەشەڕ و رێگرى لە فراوانبوونى زیاترى گرژییەکانى ناوچەکە.
داواکارییەکەى هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت لەکاتێکدایە، رۆژانە گرووپى مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانى ئەو وڵاتەش چەند جارێک هەڕەشەى تۆڵەکردنەوەیان کردووە.