یەکێک لە خەسڵەتە باشەکانی سیستمی تەدروستیی جیهانیی ئێستا ئەوەیە نەخۆشەکان کاتێک دەزانن نەخۆشییەکەیان گەشتووەتە قۆناغێک کە گەڕانەوەی نییە، وەسێتنامە دەنووسن بۆ کەسوکار و بۆ پزیشکەکانیش کە لە کاتی تێکچوونی حاڵەتەکەیان چیدی چارەسەری زیادەیان بۆ نەکرێت تاوەکو نەبێت بە هۆی ئازار و ناڕەحەتیی زیاتر بۆیان.
بۆ نموونە کەسێک لە قۆناغێکی خراپی نەخۆشیی سییەکانییەتی و تەمەنی هەڵکشاوە، داوا دەکات کە ئەگەر نەخۆش کەوت زیاتر و چاودێری وردی پێویست بوو، ئەوا بۆی دابین نەکەن و با جێگە نەگرێت لە ئەو کەسانەی پێویستیی زیاتریان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەیە. هەروەها نەشبێت بە بارگرانی بەسەر خێزانی خۆیەوە و خەرجییەکی زۆریان پێ نەکات.
لەو وڵاتانە لە سەرەتاکانی نەخۆشییەکەوە، پزیشکەکە بە نەخۆش دەڵێت کە دەبێت بیر لەو وەسێتە بکاتەوە.
بە داخەوە، رۆشنبیری وەسێتکردن بۆ چارەسەری نەخۆشیی لای ئێمە نییە یان زۆر کەمە لەکاتێکدا لە رۆشنبیری و ئاینی ئێمەدا وەسێتکردن هەیە و دەگوترێت "کەس بە وەسێت نامرێت."
د. زانیار نووری ئاغال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو