بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: ژمارەى توشبووان بە شێرپەنجە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە

كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی دكتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى. فۆتۆ: كەناڵ8

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى رایگەیاند، بەشى نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانى شێرپەنجە کە چوار ژوور و شەش بێدى چاودێریى ورد لەخۆ دەگرێت، لەناو نەخۆشخانەى جەمالى حاجى عەلى لەچوارچێوەى نەخۆشخانەى هیوا دەکرێتەوە، دەشڵێت "ژمارەی توشبوو بە نەخۆشییەکە گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە".

یاد نەقشبەندی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەم هەنگاوە سلێمانى دەکاتە یەکەم سەنتەری شێرپەنجە كە هۆڵى تایبەت بە نەشتەرگەریى خۆى هەبێت.

گوتیشى، ئەمساڵ پێنج هەزار و 866 کەس سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە کە سێ هەزار و 151 کەسیان توشبووى شێرپەنجە بوون، ساڵى 2023 نزیکەی شەش هەزار و 442 کەس سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە و پاش پشکنین دەرکەوتووە سێ هەزار و 556یان توشبووى نەخۆشییەکەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، گۆڕانکارى لە ژمارەى توشبووانى شێرپەنجە رووینەداوە بەپێچەوانەى ئەوانەى دەڵێن سلێمانى چەقى توشبوون بە نەخۆشى شێرپەنجەیە، توشبووانى نەخۆشییەكە لە هەموو عێراق و هەرێمى کوردستانەوە روویان لە نەخۆشخانەکە کردووە بۆ چارەسەر.