توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی سەرنجی خستووەتەسەر گرنگیی وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین دی لەماوەی دووگیانیدا.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە وەرگرتنی ڤیتامین دی لەماوەی دووگیانیدا، یارمەتیی بەهێزبوونی ئێسکی منداڵان دەدات.
لە توێژینەوەکەدا توێژەران هەستان بە دابەشکردنی هەزار خانمی دووگیان بەسەر دوو گروپدا، گروپێکیان رۆژانە ڤیتامین دییان پێدەدرا، بەڵام گروپەکەی دیکە ئەم تەواوکەرە خۆراکییەیان بەکارنەدەهێنا.
پاش منداڵبوون، تەندروستیی ئێسکی 454 منداڵیان لە تەمەنی چوار، شەش و حەوت ساڵیدا هەڵسەنگاند.
ئەو منداڵە چوار ساڵانانەی کە دایکیان لەماوەی دووگیانیدا ڤیتامین دییان وەرگرتبوو، ئێسکیان زۆر بەهێزتر و چڕتربوو بەراورد بەو منداڵانەی کە دایکیان لەو ماوەیەدا تەواوکەرە خۆراکییەکەیان وەرنەگرتبوو.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخست کە ئەم سوودەی تەواوکەرە خۆراکییەکە تاوەکو تەمەنی حەوت ساڵیش لە منداڵدا رەنگدەداتەوە.
پسپۆڕان دەڵێن بەهێزبوونی ئێسکی منداڵان جا بە هەر هۆکارێکبێت، هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە شکاوی و فشەڵی ئێسک لە داهاتوویاندا.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی بەهاخۆراکییەکانی ئەمریکا بڵاوکرایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەهێزکردنی ئێسک تاکە سوود نییە کە ئەم تەواوکەرە خۆراکییە هەیەتی، بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی دیکە کە پێشتر هەمان تیم کردوویانە دەرکەوتووە، ڤیتامین دی لەماوەی دووگیانیدا مەترسیی تووشبوونی منداڵان بە بیرۆ و ئەگەری ئەوەی کە خانمەکە لەکاتی منداڵبووندا پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت کەمدەکاتەوە.