کەنەدا ئۆفیسەکانی تیکتۆکی داخست

بەهۆی ترس لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، حکومەتی کەنەدا لە رۆژی چوارشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2024، کاروبارەکانی تیکتۆکی راگرت و ئۆفیسەکانی لە وڵاتەکە داخست، بەڵام رێگری لە هاوڵاتییانی ناکات ئەپڵیکەیشنەکە بەکاربهێنن.

فرانسوا فیلیپ، وەزیری داهێنانی وڵاتەکە رایگەیاند:"حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی، کە پەیوەندییان بە کارەکانی کۆمپانیای بایتدانسەوە هەیە لە کەنەدا، ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی لقی کۆمپانیای تیکتۆکی کەنەدا".

وەزیری داهێنان جەختی لەوەشکردووە:"بڕیارەکە لەسەر بنەمای چەندین زانیاری و بەڵگە دراوە"، بەو پێیەی کەنەدا لە ساڵی رابردووەوە، دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە پلانەکانی تیکتۆکدا، بۆ فراوانکردنی کارەکانی لە وڵاتەکە.

لە بەرامبەردا تیکتۆک بەنیازە رووبەڕووی بڕیارەکە بوەستێت و رایگەیاند:"داخستنی ئۆفیسەکانی تیکتۆک لە کەنەدا، لەناوبردنی سەدان هەلی کارە، کە مووچەیەکی باشیان هەیە و لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە، فەرمانی داخستنەکەش تەنیا ئەم کارە دەکات"

پێشتریش کەنەدا ئەپی تیکتۆکی لە ئامێرە حکومییەکاندا قەدەغەکردووە و رایگەیاندووە، ئاستێکی قبوڵنەکراوی مەترسی دەخاتە سەر تایبەتمەندی و ئاسایش.

ئەم بڕیارەی کەنەدا لەکاتێکدایە، ئەمریکا پلانی هەیە، بە تەواوی تیکتۆک لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا قەدەغەبکات، ئەگەر پلاتفۆرمەکە پابەندی داواکارییەکانی نەبێت.