میری ئێزدییان سەردانی مەزاری مام جەلالی کرد و گوتی، "داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم رێککەوتن بکەن و بەرژەوەندیی خەڵک پێش بەرژەوەندیی حیزب بخەن و داوام لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە."
میر حازم تەحسین، میری ئێزدییان سەردانى مەزارى مام جەلال، سەرۆککۆمارى پێشووترى عێراقى لە سلێمانى کرد و رایگەیاند، "کورد نەتەوەیەکى ماندووە و داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەم گفتوگۆ و رێککەوتن بکەن و بەرژەوەندیی خەڵک پێش بەرژەوەندیی حیزب بخەن."
میری ئێزدییان ئاماژەی بەوەشکرد، داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، سەرجەم لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هەرێمى کوردستان بکەن.
گوتەکانی میر حازم لەکاتێکدایە، رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش لایەنە براوەکان بەفەرمی دەستیان بە گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێى حکومەت نەکردووە.