وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی تیمی 'هەژماری من' و شاندێکی تەکنیکیی بانکی 'تی بی ئای' رێککەوتن کرا لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تۆماری فەرمانبەران.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، تیمی 'هەژماری من' لەگەڵ شاندێکی تەکنیکیی بانکی بازرگانیی عێراق 'تی بی ئای' یەکەمین کۆبوونەوەی دوای واژۆکردنی گرێبەستی نێوانیان ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا تیمی 'هەژماری من' و شاندەکەی بانکی 'تی بی ئای' رێککەوتن لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکانیان و دانانی ئامێرەکانی 'ئەی تی ئێم' لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، نموونەیەکی دیکەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە نێوان تیمی 'هەژماری من' و شاندەکەی بانکی 'تی بی ئای' رێککەوتنی لەسەر کراوە بریتییە لە کردنەوەی دوو لقی نوێی بانکەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.
رۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2024، بانکی بازرگانیی عێراق 'تی بی ئای' رایگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ پرۆژەی 'هەژماری من'ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکردووە لە بواری بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران.