پوتن: 20 ساڵی داهاتوو زۆر قورس دەبێت بۆ جیهان

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، فۆتۆ:AFP

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، دەڵێت، 20 ساڵی داهاتوو زۆر قورس دەبێت بۆ جیهان، هیچ کەسێک ناتوانێت گرەنتیی ئەوەبدات کە وڵاتانی رۆژئاوا چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنن.

پوتن لە میانی وتارێکدا لە کۆڕبەندی ڤاڵدای لە سوچی، رایگەیاند، جیهان بە جۆرێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە "گەڕانەوەی بۆ نییە"، ئەو سیستمەی ئێستا هەیە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ پێش خۆیدا هەیە.

سەرۆکی رووسیا، کە لەگەڵ چین و وڵاتانی بریکس داوای جیهانێکی فرەجەمسەر و کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەمریکا دەکەن، گوتیشی، سەپاندنی ئایدۆلۆجیای لیبراڵیی رۆژئاوایی زۆر مەترسیدارە، "ئێستا ئەو ئایدۆلۆجیایە گۆڕاوە بۆ دەمارگیرییەکی توندڕەوانە دژی هەر بیرێکی ئازاد و سەربەخۆ".