ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریدا لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی شەڕ لەگەڵ رووسیا، بەبێ دانوستان و گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا، دەشڵێت، سازشکردنی ئەوروپا بۆ پوتن بە واتاى خۆکوژیی دێت.
زێلێنسکی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە لوتکەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا لە بوداپێست رایگەیاند، ئاگربەست بەبێ گەرەنتیی ئەمنی، بەردەوامبوونی داگیرکارییە، هیچ جۆرە سازشکردنێک بۆ سەرۆکی رووسیا، لەسەر شانى ئۆکرانیا قبووڵکراو نییە.
زێلێنسکی بە ئامادەبووانى لوتکەکەی گوت، هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا پێشنیازیان کردووە ئۆکرانیا سازش بۆ پوتن بکات، بەڵام کیێڤ ئەوە بەتەواوی رەتدەکاتەوە و پێی وایە، دەبێت دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا بەردەوامبێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا هیوادارە ئەمریکا بەهێزتربێت، چونکە ئەو پێی وایە ئەوروپا ئەمریکایەکی بەهێزی دەوێت و دەبێت رێز لە پەیوەندیی نێوان هاوپەیمانان بگیرێت و لەدەست نەچێت.
ئەو قسانەى زێلێنسکى لەکاتێکدایە، بەشێک لەو سەرکردانەی بەشدارییان لە لوتکەى کۆمەڵگەى سیاسیی ئەوروپا کرد، نیگەرانبوون لە داهاتووى کیشوەرەکەیان لەگەڵ بردنەوەى پۆستى سەرۆکى ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.