ترەمپ: رەنگە بەمنزیکانە لەگەڵ پوتن قسە بکەم

فۆتۆیەکى ڤیلادیمیر پوتن و دۆناڵد ترەمپ کە لەساڵى 2018دا گیراوە. فۆتۆ: AP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە بەمنزیکانە لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا قسە بکات.

دۆناڵد ترەمپ، لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لە کەناڵی "ئێن بی سی" دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دەربارەی دەستپێشخەرییەکەی پوتن بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، لەوبڕوایەدایە پێکەوە قسە دەکەن.

پێشتر ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئەمریکا راگەیاند و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا لە ترەمپ کرد.

پوتن ئاماژەی بەوەکرد، خواستی ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەهەند وەردەگرێت، ئەوان ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بگەڕێننەوە و ئێستاش تۆپەکە لە یاریگەی واشنتندایە.

پوتن بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پێی باشترە جۆ بایدن، پاشان کامالا هاریس لە کۆشکی سپی ببینێت، بەگوێرەى ئەوەى دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتن لەگەڵ ئەوان زیاتر "پێشبینیکراو"ـە تاوەکو ترەمپ.

بەڵام لە کۆتا لێدوانیدا، سەرۆکی رووسیا سەرسامی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی و دەربارەی ئەوەی لە یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا هەوڵی تیرۆرکردنی درابوو و گوتی، "دەرکەوت کەسێکی ئازایە".

سەرۆکى رووسیا ئاماژەى بەوەشکرد، "بە بۆچوونی من ئەو بە شێوەیەکی زۆر دروست و بوێرانە و وەکو پیاوێک مامەڵەی کرد".