دوێنێ پێنجشەممە، 7ی نۆڤەمبەر، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان لە شارەزوور بە نیشانەکانی سکچوون و رشانەوە چوونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
وەزارەتەکە راشیگەیاند کە هێشتا هۆکارەکەی دیار نییە و لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بە دۆزینەوەی هۆکاری حاڵەتەکان پێکهێنراوە. هەرچەندە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکە رایانگەیاند کە هیچ کام لە حاڵەتەکان مەترسیدار نەبوون و تا ئێستا مەترسیی لەسەر ژیانی هیچ هاونیشتمانییەک دروستنەبووە، بەڵام دەکرێت سکچوون مەترسیدار بێت و ژیانی منداڵان و کەسانی پێگەیشتوو بخاتە مەترسییەوە؟
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، سکچوون بە سێیەم باوترین هۆکاری مردنی منداڵانی 1-59 مانگ دادەنرێت. هاوکات بە یەکێک لەو هۆکارانەی مردن دادەنرێت کە دەتوانرێت رێی لێبگیرێت و چارەسەریش بکرێت. هەندێک هۆکاری مردن هەن، کە چارەخواز ناتوانێت رێ لە توشبوونیان بگرێت و لە کاتی توشبوونیشدا، چارەسەریان قورس و ئەستەمە، بەڵام سکچوون و رشانەوە یەکێک نین لەو حاڵەتانە، جا هۆکارەکەی هەر نەخۆشییەک بێت، چونکە تا ئێستا نازانرێت هۆکاری حاڵەتەکانی سکچوون لە شارەزوور چین.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، سکچوون ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی 443 هەزار و 832 منداڵی خوار پێنج ساڵ و 50 هەزار و 851 منداڵی نێوان5 بۆ 9 ساڵ. بەشێکی زۆری ئەم ژمارەیەش، تەنیا لە رێگەی پاکراگرتنی سەرچاوەکانی ئاو و خواردنەوەی ئاوی پاکەوە رێیلێدەگیرێت.
سکچوون چییە؟
کاتێک دەگوترێت کەسێک توشی سکچوون بووە، بە پێناسە پزیشکییەکەی مانای ئەوەیە کە کەسەکە لە سێ جار زیاتر پیسایی شلی کردووە (یان ژمارەکە زیاترە لە ژمارەکانی رۆژێکی ئاسایی بۆ ئەو کەسە). واتا ئەگەر کەسێک لە سێ جار زیاتر بچێتە تەوالێت، بەڵام پیساییەکەی توند بێت و شل نەبێت، ئەوە پێیناگوترێت سکچوون.
سکچوون زۆرجار نیشانەی هەوکردنی ریخۆڵەکان یان بەشێکی کۆئەندامی هەرسە، کە دەکرێت لە رێی بەکتریا، ڤایرۆس یان مشەخۆرێکەوە توشببیت. زۆرینەی ئەو زیندەوەرە بچووکانەش، لە رێی خواردن و خواردنەوەی پیسەوە دەگوازرێنەوە، یان لە رێی کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە هۆی پابەندنەبوون بە بنچینەکانی پاکوخاوێنییەوە، بۆ نموونە دەستشتنی پێویست.
چەند رێگەیەکی سەرەکییش هەن بۆ رێگریکردن لە توشبوون، پاکوخاوێنی سەرچاوەکانی ئاو، نەخواردنی ئاوی پیس و ئاوی بەلوعە لەو شوێنانەی نەخۆشییەکەی لێ بڵاودەبێتەوە، دەستشتن بە ئاو و سابوون.
کاتێک کەسێک توشی سکچوون و رشانەوە دەبێت، ئەوەی کە مەترسیی لەسەر ژیانی دادەنێت وشکبوونەوەی جەستەیە بە هۆی ئەو ئاوە زۆرەی لە جەستەی کەسەکە دەڕوات. واتا ئەگەر رێگەنەدرێت کەسەکە توشی وشکبوونەوە ببێت و ئەو ئاوەی لە جەستەی دەچێتە دەرەوە شوێنی بگیرێتەوە، گرفتەکە چارەسەر دەکرێت و مەترسیی لەسەر ژیانی دروستناکات. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، دەتوانرێت گیراوەیەکی تۆز کە لە دەرمانخانەکاندا بەردەست و بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو ئاوەیە کە لە جەستە رۆیشتووە بەکاربهێنرێت. دەشتوانرێت لە ماڵەوە ئەمە دروستبکرێت و گیراوەیەک لە ئاوی پاک، شەکر و خوێ دروستبکرێت.
وشکبوونەوە مەترسیدارترین دەرەنجامی حاڵەتەکانە و پێویستە هاونیشتمانیان ئاگاداری نیشانەکانی بن و لە کاتی دەرکەوتنیدا بەپەلە بگەنە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، وشکبوونەوەش بەم نیشانانە دەناسرێتەوە:
- چاو بەقوڵداچوون
- بەردەوام تینوویەتی
- هەست بە نائارامی دەکات
- خاوبوونەوەی جەستە
- کاتێک پێستی رادەکێشیت درەنگ دەچێتەوە شوێنی خۆی
- لەهۆشخۆچوون (لە وشکبوونەوەی قورسدا)