//

زۆرینەی حاڵەتەکانی سکچوون لە شارەزوور چارەسەرکراون و گەڕاونەتەوە ماڵەوە

نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ
نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ

دوێنی پێنجشەممە، 7ی نۆڤەمبەر، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان لە شارەزوور توشی سکچوون و رشانەوە بوون و چوونەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

زۆری ژمارەی حاڵەتەکان پرسیاری زۆری لای هاونیشتمانیان دروستکرد و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە ترس چونکە ژمارەکە لەناکاو زیادیکرد، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، ئەمڕۆ هەینی، 8ی نۆڤەمبەر ژمارەکە بەرەو دابەزین چووە و زۆرینەی حاڵەتەکانیش کە دوێنێ چوونەتە نەخۆشخانە، هەر لە شارەزوور چارەسەریان بۆ کراوە و پێویستیان بە رەوانەکردن نەبووە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی.

د. خەلیل حەمە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور، بە کەناڵ8ی راگەیاند: "زۆرینەی حاڵەتەکان سکچوونی سووک بوون و مەترسیی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروستنەکردووە. حاڵەتەکانیش لە ناو نەخۆشخانەکە چارەسەر کراون و تەنیا یەک منداڵ پێویستی بە رەوانەکردن هەبووە بۆ سلێمانی کە ئەویش نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە."

بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی کەناڵ8یش، هۆکاری بڵاوبوونەوەی سکچوون و ئەو ژمارە زۆرە لەناکاوە دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوە لە شوێنێکی دیاریکراودا.

نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگیش، رێنمایی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکات بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری حاڵەتەکان، پابەندی رێنماییەکانی پاکوخاوێنی بن و ئەم چەند رۆژە تا بتوانن کەمترین جار ئاوی بەلوعە بەکاربهێنن.