بلومبێرگ: ئەپڵ بە یاسایەکی نوێی یەکێتیی ئەوروپا سزا دەدرێت

تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ، لە میانەی راگەیاندنی ژمارەیەک بەرهەمی نوێی کۆمپانیاکە لە 9ی ئەیلولی 2024. وێنە: AP

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ئەپڵ لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە، بەپێی یاسایەکی نوێی یەکێتییەکە سزادەدرێت بەمەش دەبێتە یەکەم کۆمپانیا بەپێی ئەم یاسایە سزا بدرێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، چاودێران سەرقاڵی ئامادەکردنی سزاکەن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا قەبارەکەی ئاشکرانەکراوە، بەڵام بەگوێرەی یاسا نوێکە، دەکرێت سزاکە %10ـی داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە بێت، ئەمەش دەکاتە دەیان ملیار دۆلار بە لەبەرچاوگرتنی داهاتی ئەپڵ.

سزاکە بەپێی یاسایەکی نوێی یەکێتییەکە دەدرێت، بە ناوی یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکان، کە سەرەتای ئەمساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تێیدا داوا لە ئەپڵ دەکات ڕێگە بە فرۆشگای ئەپی دیکە بدات لەسەر ئامێرەکانی، هەروەها ڕێگە بە بەکارهێنەران بدات وێبگەڕی سەرەکی خۆیان هەڵبژێرن و سیستەمی پارەدانی لایەنی سێیەم لەسەر ئامێرەکان چالاک بکات.

بڕیارەکە تەنیا چەند مانگێک دوای ئەوە دێت، ئەپڵ بە پشتبەستن بە یاسای کێبڕکێی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان، بە بڕی دوو ملیار دۆلار لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزادرا.