سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بەڵێنیدا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغبکات و رایگەیاند، کاریگەری پلاتفۆرمەکانی وەکو فەیسبوک و تیکتۆک "زیانێکی راستەقینە بە منداڵەکانمان دەگەیەنێت".
ئەنتۆنی ئەلبانیس، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، دەڵێت ئەگەر ببینن بەکارهێنەری منداڵ لەناو پلاتفۆرمەکاندا هەیە، کۆمپانیاکان بەرپرسیار دەبن و دووچاری سزای سەخت دەبنەوە.
رۆژی پێنجشەمە، 7ی تشریی دووەمی 2024، ئەلبانیس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"تۆڕی کۆمەڵایەتی زیان بە منداڵەکانمان دەگەیەنێت و کۆتایی بەمە دەهێنم، قسەم لەگەڵ هەزاران دایک و باوک و باپیر و مام و پوور کردووە، ئەوانیش وەکو من زۆر نیگەرانن لە سەلامەتی منداڵەکانمان لە جیهانی ئۆنڵایندا".
ئوسترالیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە هەوڵی پاککردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، سنووردارکردنی تەمەنیش توندترین رێوشوێن دەبێت تاوەکو ئێستا گیراوەتەبەر.
یاسا نوێیەکان لەم هەفتەیەدا دەخرێنە بەردەم سەرۆکی ویلایەتەکان و لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دەخرێنە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە.
کاتێک یاساکە پەسەندکرا، کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان، ماوەی یەک ساڵ مۆڵەتیان هەیە تاوەکو بزانن چۆن پلاتفۆرمەکانیان لەگەڵ یاسا نوێکەدا بگونجێنن.
کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک و ئینستاگرام لە وەڵامدا رایگەیاند:"رێز لە هەر سنووردارکردنێکی تەمەن دەگرن، کە حکومەت بیەوێت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە".