هەموو ئەوەی پێویستە سەبارەت بە دابەزینی فشاری خوێن بیزانیت

دابەزینی فشاری خوێن بریتییەلەو حاڵەتەی کە تێیدا ئەو فشارەی خوێن دەیخاتە سەر بۆرییەکانی خوێن زۆر کەمترە لە ئاسایی، ئەم حاڵەتە دەکرێت حاڵەتێکی سەربەخۆبێت یان نیشانەی بەشێکی زۆر لە نەخۆشییە جیاوازەکان بێت.

جۆرەکانی دابەزینی فشاری خوێن چین؟

دابەزینی فشاری خوێن لەکاتی پاڵکەوتندا: لەم جۆرەیاندا، کاتێک کەسێک بۆ ماوەیەک دانیشتووە یان پاڵکەوتووە و هەڵدەستێتەوە سەرپێ، فشاری خوێنی دادەبەزێت ئەمەش وادەکات کەسەکە هەست بە گێژبوون بکات.

ئەم جۆرەی دابەزینی فشاری خوێن بە باوترین جۆر دادەنرێت و خەڵکی دەکرێت لە تەمەنە جیاوازەکاندا تووشی ببن بەتایبەتی لە کەسانی بەتەمەندا زیاترە.

هەریەکێک لە دووگیانی و هەڵکشانی تەمەن دەکرێت هۆکاربن بۆ دابەزینی فشاری خوێن.

هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەشێک لەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرە و پارکینسنیان هەیە، تووشی ئەم جۆرەی دابەزینی فشاری خوێن دەبن.

دابەزینی فشار لە پاش خواردن: لەو کەسانەی کە گرفتە دەمارییەکانیان هەیە یان بەتەمەنداچوون، ئەم جۆرەی دابەزینی فشاری خوێن باوە کە لە پاش خواردندا دەردەکەوێت.

دابەزینی فشاری خوێن بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان مێشک لەگەڵ ئەندامەکانی دیکە؛ ئەم جۆرەی دابەزینی فشاری خوێن بەهۆی پەیوەندییەکی نائاسایی نێوان مێشک و دڵەوە روودەدات.

ئەم جۆرەیان دەکرێت رووبدات کاتێک کەسێک بۆ ماوەیەکی زۆر بە یەک شێواز دەوەستێت، بەتایبەتی منداڵان، یان کاتێک کەسێک شۆکدەبێت بە بیستنی هەواڵێک یان زۆر دەترسێت، تەنانەت لە هەندێک کەسدا بەهۆی چارەسەرێکی ددانەوە(بەهۆی ترسەوە) دەکرێت تووشی دابەزینی فشاری خوێن ببن.

دابەزینی توندی فشاری خوێن: کاتێک کەسێک تووشی ئەم جۆرەی دابەزینی فشاری خوێن دەبێت ئەگەر تووشی زەبرێکی جەستەیی گەورە یان هەوکردنێکی توند ببێت.

لەکاتی شۆکدا، ئەندامەکانی جەستە ناتوانن خوێن و ئۆکسجینی پێویستیان پێ بگات، ئەمەش زۆرجار دەبێتەهۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی چارەخوازەکە.

هەندێک جۆری دیکەی دابەزینی فشاری خوێن هەن کە دەکرێت پەیوەندییان بە دەرمان، کەمیی ڤیتامین سی و نەخۆشییەکانی دڵ، دەمارەکان، جگەر و هۆرمۆنەکانەوە هەبێت.

هۆکارەکانی دابەزینی فشاری خوێنی لەناکاو:

  • هەستانە سەر پێ بە خێرایی
  • خواردن
  • ترسێکی زۆر

ئەو حاڵەتانەی کە هۆکارن بۆ دابەزینی فشاری خوێن

  • دووگیانبوون: بەهۆی زیادبوونی پێویستی بۆ خوێن
  • تێکچوونی سووڕی خوێن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە یان جەڵتەی دڵ
  • وشکبوونەوە بەتایبەتی لەکاتی تووشبوون بە سکچوون و لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە شلە و کانزا گرنگەکانی جەستە بەبێ ئەوەی کەسەکە چارەسەر وەربگرێت، یان بڕێکی باش لە شلەمەنییە گرنگەکان بخواتەوە
  • نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان وەکو شەکرە، غوددە و سەرگورچیلەڕژێنەکان
  • زیانگەیشتن بە دەمارەخانەکان
  • شۆک
  • وەڵامدانەوەی توندی سیستمی بەرگری لەو کەسانەی کە هەستەوەرییان هەیە
  • لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە خوێن لەکاتی بەرکەوتنی زەبرێکی گەورەی جەستەییەوە
  • هەوکردنی خوێن

نیشانەکانی دابەزینی فشاری خوێن

  • هیلاکبوون و کەمیی وزە
  • سەرگێژخواردن
  • لەدەستدانی هاوسەنگی لەکاتی بەپێوە وەستاندا
  • دڵتێکەڵهاتن
  • ئارەقکردنەوە
  • خەمۆکی
  • بوورانەوە
  • تەڵخبوونی بینین