بەردی بۆریی میز لە ئەنجامی دابەزینی بەردی حەوزی گورچیلەوە دروستدەبێت، کە دادەبەزێت و دەخزێتە ناو بۆریی میز.
کاتێک بەرد دادەبەزێت بۆ ناو بۆریی میز دەبێتەهۆی ئازارێکی زۆر، نەخۆش لە تاو ئازار شوێن بەخۆی ناگرێت، هەروەها هەندێجار بەردەکە دەبێتەهۆی روشانی ناوبۆشی میزەڕۆ و میزەکە خوێناوی دەکات.
هەندێجار کاتیک بۆریی میز بەتەواوی دەگیرێت بەهۆی بەردەوە دەبێتەهۆی پەنگخواردنەوەی میز و کشانی بۆریی میز و ئاوسانی گورچیلەکان.
هەندێجار هەوکردن روودەدات. دوای دابەزینی بەرد بۆ ناو بۆریی میز نەخۆش هەست بە لەرز و تاو و دەم وشکبوون دەکات. هەروەها نەخۆش بەهۆی ئازاری زۆر توشی رشانەوە دەبێت، ئارەزووی خواردن و خواردنەوەی نابێت ئەمەش زیاتر دەبێتەهۆی وشکبوونی نەخۆش و کەمبوونەوەی شلەی لەش.
چۆن بەردی بۆریی میز دەستنیشان دەکرێت؟
- پشکنینی میز کە خوێن و کریستاڵی تێدایە یان ئەو خانەنای تێدایە کە ئاماژەن بۆ هەوکردن
- بەهۆی نیشانەکانیەوە ئازار و سووربوونی میز و رشانەوە، یان نەخۆش پێشینەی بەردی حەوزی گورچیلەی هەیە بەمەش گومان دەکرێت کە دایببەزێنێت
- رێگەیەکی دیکە بۆ دەستنیشانکردنی بەردی بۆریی میز بریتییەلە سۆناری گورچیلەکان و بۆریی میز
- تیشکی ئاسایی گورچیلەکان یان تیشکی تەنوری )ئەشیعەی ئاسای یان تەنوری)
چارەسەری بەردی بۆریی میز
- ئازارشکێن
- دەرمانی دژەڕشانەوە ئەگەر نەخۆش رشانەوەی هەبوو
- پێدانی موغەزی لەڕێگەی کانولاوە
- دژەهەوکردن ئەگەر نیشانەکانی هەوکردنی هەبوو
کێ دوای دابەزینی بەرد دەبێت لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە؟
- ئەو کەسانەی یەک گورچیلەیان هەیە
- ئەو کەسانەی لە هەمان کاتدا بەرد دادەبەزێتە ناو بۆریی میزی راست و چەپیان
- ئەو کەسانەی لاوازیی ئیشکردنی گورچیلەیان هەیە
- ئەو کەسانەی هەوکردن و رشانەوەیان هەیە یان ئازارەکەیان بە ئازارشکێن ناشكێت
- ئەو کەسانەی گوچیلەیان بۆ چێنراوە و بەردی میزیان هەیە
چارەسەری بەردی بۆریی میز چیە؟
چادوێریکردن: چاودێریکردنی چارەخواز و پێدانی دەرمان کە یارمەتیدەرە بۆ فڕێدانی بەردی بۆریی میز بۆ ماوەی چوار هەفتە. بە مەرجێک چارەخواز هەوکردنی نەبێت یان ئازاری توندی نەبێت و بە ئازارشکێن ئازارەکەی بە ئاسانی کۆنترۆڵبکرێت، هەروەها تاک گورچیلە نەبێت و لاوازی ئیشکردنی گورچیلەی نەبێت.
نەشتەرگەری: رێگەیەکی دیکەی چارەسەری بەردی بۆریی میز بریتییەلە هەناوبینیی بۆریی میز و شکاندندی بەردی بۆریی میز
هەناوبینیی بۆریی میز دوو جۆرە:
- هەناوبینیی رەق (نەنوشتاوە)ـی بۆریی میز
- هەناوبینیی نەرمی بۆریی میز
د. هەردی تارق زەنگەنە
پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات