قاسم ئەعرەجی: بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئێران رەتدەکەینەوە

قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بەکارهێنانی کایەی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئێران و وڵاتانی دراوسێی رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ لیوا مەجید قلی پوور، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق، کۆبووەوە.

ئەعرەجی و قلی پوور، گفتوگۆیان لەبارەى یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی نێوان بەغداد و تاران سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگیی نێوانیان لە بوارەکانی تیرۆر و قاچاخدا کردووە.

راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە "عێراق بە توندی سەرزەنشتی بەکارهێنانی ئاسمانەکەی دەکات، بۆ دەستدرێژکردنەسەر ئێران و سەرجەم وڵاتانی دیکەی دراوسێی".

شەوی 26ـى تشرینی یەکەمی 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، ئاسمانی عێراقیان بەکارهێنا.

پێشتر بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کاردانەوەى هێز و لایەنە سیاسییەکانى عێراقى لێکەوتەوە و هەوڵ هەبوو لەو بارەیەوە وەزیرى بەرگرى و فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بانگهێشتى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێن.