میلان دوای ئەوەی لە مەدریدەوە بە سەرکەوتنێکی گەورە بەرامبەر ریال مەدرید متمانەی گەڕاندەوە، ئەمشەو کاتژمێر (08:00) لەهەفتەی 12ی سێریا ئەی، گەشتی باشووری ئیتاڵیا دەکات و لە یاریگەی ساردینا رووبەڕووی کالیاری دەبێتەوە.
سەرکەوتنی میلان لە دوایین یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید، پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ پاولۆ فۆنسیکای راهێنەری پۆرتوگالی کە دەنگۆیەکی بەهێز لەسەر دوورخستنەوەی لە ئارادا بوو.
ئەمشەو میلان هەوڵدەدات لە یاریگەی ساردینا درێژە بە زنجیرەی سەرکەوتنەکانی بدات، لە 13 سەردانیاندا بۆ ئەم یاریگەیە بەلایەنی کەمەوە گۆڵێکیان لە یانەی خانەخوێ کردووە، هەروەها لەکۆی هەشت یاریی لەدەرەوەی یاریگەی خۆیان لە پێنج یاریدا گۆڵەکەیان بە خاوێنی پاراستووە و ئەمشەو بارودۆخەکە لەبەرژەوەندییانە.
کاتژمێر (10:45)یش، یانەی یوڤێنتۆس لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دێربی دێلا مۆلی بەرامبەر تۆرینۆی هاوشاری ئەنجامدەدات و 20 یاریشە بەو یانەیە نەدۆڕاوە.
یوڤێ لەناوخۆی ئیتاڵیا هیچ شکستێکی نییە، بەڵام لە 11 یاریدا شەش یەکسانبوونیان تۆمارکردووە و یەکسانبوونە بەردەوامیانەکان چوار خاڵ خستوونیەتییە دوای ناپۆلی پێشەنگ.
سەرکەوتن لە یارییەکی ئەمشەو، چانس دەدات بە یانەی خانمە پیرەکە لەنێوان پلەکانی سێیەم تاوەکو شەشەم جێگیر ببێت، بۆیە مۆتا و یاریزانەکانی بەگرنگییەوە لەم یارییە دەڕوانن.