سبەى لوتکەی کەشوهەوا لە شاری باکوی پايتەختی ئازەربايجان دەستپێدەکات و تاوەکو 22ـی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت.
بڕيارە لە لوتکەکەدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئۆلاف شۆڵزی، راوێژکاری ئەڵمانيا و نارێندرا مودی، سەرۆکوەزيرانی هيندستان و ژمارەيەک بەرپرسی ديکە ئامادەبن.
ئامانجێکی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ئازەربایجان رێککەوتنە لەسەر چۆنیيەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارايی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە هەژارانەی بەدەست گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنن، هەروەها بە ئامانجی سنووردارکردنی دەردانی گازە گەرمکەرەکان و کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
COP29 گرنگترین کۆبوونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لوتکەی ئەمساڵ کە 29ـەمین لوتکەيە، لە رۆژی 11-22ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لە شاری باکوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت کە وڵاتێکی ناوەڕاستی ئاسیایە و دەکەوێتە نێوان رووسیا و ئێران.
رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی 1992، لەلایەن نزیکەی 200 وڵاتەوە واژۆ کراوە، "کۆنفرانسی لايەنەکان COP" دەزگای بڕیاردەری ئەو رێککەوتنەیە، نوێنەرانی ئەم وڵاتانە ساڵانە کۆدەبنەوە بۆ دانوستاندن لەسەر باشترین رێگاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.