وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کشانەوەى وڵاتەکەى لە دانوستانەکانى ئاگربەستى جەنگى غەززە رەتکردەوە و رايگەياند، دانوستانەکان راگيراون و هەرکات لەلاى هاوبەشەکان جددیەت هەبێت بۆ کۆتايیهێنان بە جەنگ دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە زاری مەجيد محەمەد ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتەکەوە رايگەياند، 10 رۆژ لەمەوبەر قەتەر لە کاتی هەوڵەکانی ئەم دواییەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، لایەنەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریی نێوان حەماس و ئیسرائیل رادەگرێت چونکە هيچ رێککەوتنێک نەکراوە.
راشيگەياند، کاتێک لەلایەن هاوبەشەکانەوە جددیەتى پێویست هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگى دڕندانە و ئازارەکانی خەڵکی سڤیل، لەگەڵ هاوبەشەکانیدا دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ کۆتايیهێنان بەو بارودۆخە مرۆییە کارەساتبارە و ئەوکاتە دەوڵەتی قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕانەوەی بارمتە و دیلەکان لە پێشەنگى هەوڵەکان دەبێت.
ئەو بەرپرسە قەتەرییە جەختی لەوەشکردەوە "دەوڵەتەکەیان قبوڵی ناکات نێوەندگیری هۆکارێک بێت بۆ بێزارکردنیان"، چونکە بەگوتەى ئەو "شکستهێنانی یەکەم ئاگربەست و رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی ژن و منداڵان، یارییەک بوو، بەتایبەت لە پاشەکشە لەو بەڵێنانەی لەرێی نێوەندگیرییەوە لەسەری رێککەوتوون و لەگەڵ بەکارهێنانى بەردەوامی دانوستانەکان بۆ رەوایەتیدان بە بەردەوامی شەڕەکە بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسییەکان".
هاوکات گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر، هەواڵى ئاگادارکردنەوەى بزووتنەوەى حەماسى بۆ داخستنى بارەگاکەى لە دەوحە رەتکردەوە و هەواڵەکەى بەناراست ناوبرد.
ئەم لێدوانە پاش ئەوە هات، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، قەتەر لە رۆڵی ناوبژیوانی سەرەکیی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کشاوەتەوە و بە بزووتنەوەی حەماسیشیان راگەیاندووە، چیتر بوونی نووسینگەکەیان لە دەوحە "خزمەت بە ئامانجەکەیان ناکات".