چوارشەممەی داهاتوو ترەمپ و بایدن کۆدەبنەوە

جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ. فۆتۆ: AP

رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 13ـی تشرینی دووەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.

کارین جان پیێر، گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی "سەرۆک بایدن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11:00، بە کاتی ناوەندی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە دەکاتە کاتژمێر 19:00، بەکاتی هەرێمی کوردستان، تیایدا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی ئایندەدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، توانی وەکو بەربژێری کۆمارییەکان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بباتەوە، کە لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردووەوە کە ترەمپ شکستی تێدا هێنا و هەرگیز دانی بە شکستەکەیدا نەنا، دیموکراتەکان دانیان بە شکستی خۆیاندا ناوە.

جۆ بایدنی سەرۆک و کامالا هاریسی جێگری، کە هاوکات بەربژێری سەرنەکەوتووی دیموکراتەکان بوو، بەڵێنی دەستاودەستکردنێکی بێکێشە و دیموکراتییانەی دەسەڵاتیان بۆ ترەمپ دووپاتکردووەتەوە.