دانیشتنی یەکەمی دادگایی تۆمەتبارانی کوشتنی نارین گوران سێ رۆژی خایاند، درەنگانی شەوی رابردوو دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکر بڕیاریدا دادگاییکردنەکە بۆ 26ـی مانگی داهاتوو دوابخات.
لە ماوەی سێ رۆژی دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکەدا، دادگا گوێی لە گوتەی شایەتحاڵان و تۆمەتباران و پارێزەرانیان گرت. دەستەی دادوەران بڕیاریدا هەر چوار تۆمەتبارەکە کە بریتین لە "دایک، مام، برای نارین و دراوسێیەکیان" لە زیندان بمێننەوە.
هەر لە دانیشتنەکەدا دادگا قبوڵیکرد هەریەک لە عارف گوران باوکی نارین، ژووری پارێزەرانی دیاربەکر و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بێنە ناو دۆسیەکەوە، بەڵام ئەوە رەتکرایەوە کە بارانی برای نارین وەکو سکاڵاکار وەربگیرێت.
پرۆسەی دادگاییەکە لە دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکر بەڕێوەچوو، داواکاری گشتیی شارەکە داوایکرد چوار تۆمەتبارە سەرەکییەکە بە زیندانیی هەمیشەیی سزابدرێن.
سێیەمین رۆژی دانیشتەکە، تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوامبوو، دەستەی دادوەران گوێیان لە شایەتحاڵەکان گرت و لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا گوێ لە ئەنەس گوران گیرا.
ئەنەس گورانی برا گەورەی نارین، کە یەکێکە لە چوار تۆمەتبارە سەرەکییەکە، لەناو هۆڵی دادگادا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
پارێزەرەکەی ئەنەس، ئاماژەى بەوەکرد، ئەو بەڵگانەی خراونەتەڕوو "بێ بنەمان"، گوتیشی "دۆسیەکە لەژێر فشاری رای گشتییدا پەلەی تێداکراوە، لەبەرئەوە داوا دەکەم بریگرتەکەم ئازادبکرێت".
نارین گورانی تەمەن هەشت ساڵان، رۆژی 21ـی ئابی ئەمساڵ دیارنەما، پاش سێ هەفتە تەرمەکەی لەناو چەمێکی نزیکی ماڵی خۆیان لە گوندی تاڤشانتەپەی دیاربەکر دۆزرایەوە.
لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا، 23 کەس دەستگیرکران و فەرمانی بەندکردن بۆ 12 کەسیان دەرکرا.