شێرپەنجەی ملی منداڵدان تاوەکو چەند مەترسیدارە؟

د. پۆیلە حەبیب، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون


جۆرێکە لە جۆرەکانی شێرپەنجە کە هۆکاری تووشبوونی بریتییەلە ڤایرۆسی  Human Papilloma Virus

بڵاوبوونەوە و هۆکار: شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە پلەی یەکەم بەهۆی هەوکردنی بەردەوامەوەیە بە جۆرەکانی ڤایرۆسی مەترسیداری پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) کە بەرپرسن لە زیاتر 90%ی حاڵەتەکان.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 جۆری ئەم ڤایرۆسە ناسراون و هەندێکیان دەبنە هۆکاری گۆڕانکاریی ناسروشتیی خانەکان لە ملی منداڵاندا.
دوو ڤایرۆس لەو ڤایرۆسانە زۆر مەترسیدارن (HPV 16 & 18) و ئەم دوو جۆرە هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی ملی منداڵدانن (زیاتر لە 70% حاڵەتەکان)
هەروەها هۆکاری دیکە دەکرێت هەبن وەکو: بەكارهێنانی رێگەكانی رێگریكردن لە منداڵبوون، جگەرەکێشان و نەخۆشییە بە-سێکس گوازراوەکان
پشکنینی پێشوەختە و خۆپاراستن: ئەم نەخۆشییە پشکنینی پێشوەختەی هەیە. گرنگە خانمان لە تەمەنی 25 ساڵییەوە دەستبکەن بەم پشکنینە و پێنج ساڵ جارێک دووبارەی بکەنەوە.
جگەلەمەش، ڤاکسینی تایبەت بەم ڤایرۆسە هەیە کە ئەگەری تووشبوون بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

نیشانەکان: زۆرجار قۆناغە سەرەتاییەکان بێنیشانەن، دواتر دەکرێت ئەم نیشانانە دەربکەون:
1.  خوێنبەربوونی نائاسایی
2.  بوونی دەردراو لە زێدا کە رەنگی قاوەییە، خوێنی لەگەڵە یان بۆنی هەیە
3 . ئازاری حەوز و ئازار لە کاتی جووتبووندا
4 . بوونی خوێن و پەڵەی خوێن لە نێوان سوڕی مانگانەدا

چارەسەرکردن: چارەسەرکردن بەگوێرەی قۆناغەکان دەگۆڕێت و لەوانەیە نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، چارەسەر بە تیشک لەخۆبگرێت. خۆشبەختانە رێژەی چاکبوونەوە لەو کەسانەدا بەرزە کە جگەرەناکێشن و لە قۆناغێکی زوودا نەخۆشییەکەیان دەستنیشاندەکرێت.

د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون