هەسەدە: هەوڵێکی هەڵاتنی ژمارەیەک داعش لە کەمپی هۆل پوچەڵکرایەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، هەوڵی هەڵاتنی ژمارەیەک ئەندامی سەر بە داعشیان پوچەڵکردووەتەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ڤیدیۆی ساتی پوچەڵکردنەوەی هەوڵی هەڵاتنی ئەندامەکانی داعشی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا 16 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە، کە هەوڵی هەڵاتنیان داوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.

پوچەڵکردنەوەی ئەم هەوڵەی چەکدارانی داعش لەکاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەکە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پشتیوانیی هێزەکانی ئەمریکا لە کەمپی هۆل و دەوروبەری دەستیپێکردووە، جگە لەو 16 ئەندامەی داعش کە هەوڵی هەڵاتنیان دابوو، 47 ئەندامی دیکەش دەستگیرکراون.