بەرشلۆنە گەشتی سان سباستیان دەکات

دوای بردنەوە گەورەکەی لە چامپیۆنزلیگ، بەرشلۆنە دەگەرێتەوە بۆ ئەنجامدانی یارییەکی گەڕی 11ــی لالیگا بەرامبەر بە ریال سۆسیداد، کە کاتژمێر 11:00 ئەمشەو بە کاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.

لەماوەی تەواوی ئەو یارییانەی تاوەکو ئێستا ئەنجامیداوە، هیچ رەخنەیەک لە ئاستی یانەکە نابیندرێت، چونکە یاریی وا هەبووە لە چوار گۆڵ زیاتری تۆمارکردووە، بەکۆی گشتیش لە سەرجەم یارییەکانی لالیگاو چامپیۆنزلیگ 55 گۆڵی تۆمارکردووە کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ئەروپاو لالیگا.

هانسی فلیک مەودای رەخنە و گلەییەکانی وەرزی رابردووی نەهێشتووەتەوە، تاوەکو ئێستاس تەنیا دوو شکستی تۆمارکردووە، کەتەلۆنییەکان دەیانەوێت بەردەوام بن لەم ریکۆردە ناوازەیە و گۆڵبارانکردنی یانەکان دووبارە و دووبارە بکەنەوە، ئەمشەویش هەمان ئامانجییان هەیە بەرامبەر سۆسیداد، بەتایبەت کە کەتەلۆنییەکان لەم وەرزە کێشەی دەرەوەی یاریگەیان نییە و خۆیان لەگەڵ هەموو یاریگەیەک راهێناوە.

بەرشلۆنە بێجگە لەو یاریزانانەی کە تووشی پێکانی درێژخایەن بوون، لە توانای دوو گرنگترین یاریزانی بێبەشدەبێت، ئەوانیش لە نمونەی پاو کوبارسی کە لە یارییەکەیان بەرامبەر سرڤینا زڤێزدا دەموچاوی بریندار بوو و ناچار بە 10 تەقەڵ دوورایەوە، هەروەها گومان لە بەشداریی کردنی لامین یامالیش دەکرێت بەهۆی نەخۆشی و ماندووبونەوە.

لە بەرامبەردا سۆسیداد ئاستی جێگیر نییە، حەوت شکست و پێنچ بردنەوە و چوار یەکسانبوونی تۆمارکردووە، بۆ ئەم یارییەشی بەرامبەر بەرشلۆنە، لە تواناکانی پێنچ لە یاریزانەکانیان بێبەشدەبن، ئەمە لە کاتێکدا یانەکە لە نێو یاریگەی خۆشی کێشەی هەیە و لە دوایین 10 یاری، تەنیا دوو بردنەوەیان هەبووە.

مێژووی رووبەرووبونەوەی نێوانیشییان لە بەرژەوەندی بەرشلۆنەیە، کە 42 جار بەرامبەر یەکدی یارییان کردووە، بەرشلۆنە بە 29 بردنەوە باڵادەست و سۆسیدادیش تەنیا شەش بردنەوەی هەیە، لە ساڵی 2016ــوە سۆسیداد نەیتوانیوە لە یانەکەی کەتەلۆنیا بباتەوە.