دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری دادوەر تۆمەتباری کوشتنی هاونیشتمانییەکەی شارۆچکەی کۆیە دەستگیرکرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە گەڕەکی زانستی شارۆچکەی کۆیە، بەهۆکاری بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، هاونیشتمانییەک لە رووداوێکی تەقەکردن گیانیلەدەستدا.
لە راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەشکراوە، دوای رووداوەکە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیرکرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی کۆیە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.