تاوەکو ئێستا حەوت هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنى زەوى گەڕاوەتەوە و گوتەبێژى سەرۆکایەتیى شارەوانیى سلێمانی دەڵێت "لە دابەشکردنى زەوى بەردەوامدەبین".
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژى شارەوانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـى، راگەیاند لە کۆی ئەو حەوت هەزار فەرمانبەرەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، هەزار و 700 فەرمانبەریان زەوییان وەرگرتووە.
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا ناوى فەرمانبەرانى هەردوو وەزارەتى کارەبا و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییان بۆ گەڕاوەتەوە و بڕیارە زەوییان بەسەردا دابەشبکرێت.
بە گوتەی سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى، لە سنووری پارێزگاکە 25 هەزار پارچە زەوى ئیفرازکراوە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن، زەوییەکان لە هەر سێ ناوچەى تانجەرۆ، سۆتکە و تاسڵوجەن.
بەگوێرەى نووسراوى ژمارە 242ـی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 27ـی ئازارى ئەمساڵدا دەرکرا، بڕیاردرا هەموو ئەو فەرمانبەرانەى زەوییان وەرنەگرتووە، زەویی 200 مەترییان پێبدرێت.