سەبەتەی خۆراکی مانگی ئاب لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
دلێر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەولێر، بە کەناڵ8ـی گوت: "لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگی ئاب دەکرێت، کە بۆ هەر کەسێک لە (یەک زەیت، یەک کیلۆگرام نیسک، سێ کیلۆگرام برنج و یەک کیلۆگرام شەکر) پێکدێت".
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، سەرجەم بریکارەکانی ئاگادارکردووەتەوە، پێویستە بە زووترین کات ڤیزاکارتی بانکی جنوبی ئیسلامی دەربکەن، کە بێبەرامبەرە و تایبەتە بە ناردنی پارەی بەشەخۆراک لە بریکارەکانەوە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەولێر دەڵێت، هەر بریکارێک ڤیزاکارتی بانکی جنوبی نەبێت، بەشە خۆراکی پێنادرێت.
لە کۆی دوو هەزار و 100 بریکار لە پارێزگای هەولێر، هەزار و 800یان ڤیزاکارتی بانکییان هەیە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی سلێمانی سەبارەت بە ژمارەی ئەو بریکارانەی ڤیزاکارتی بانکییان هەیە بەکەناڵ8ـی گوت "لە کۆی گشتیی سێ هەزار و 245 بریکار، نزیکەی دوو هەزار و 70 بریکار ڤیزاکارتیان هەیە".
هەر بریکارێک 750 دینار وەردەگرێت لە بەرامبەر پێدانی بەشەخۆراک بە هەرکەسێک، لەو بڕەش 395 دیناری بۆ بریکارەکەیە و 355 دیناریشی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
عێراق لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم دامودەزگاکان و بەستنەوەیان بە بانکەکانەوە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بڕیاریداوە بریکارەکان لە رێگەی ڤیزاکارتەوە پارەکانیان رەوانەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بکەن و لەنوێترین رێکاریشیدا بانکی جنوبی ئیسلامی دیاریکردووە بۆ وەرگرتن و هەژمارکردنی پارەی بەشەخۆراک.