ئەمشەو لە یاریگەی ستامفۆرد بریج، یاریی لوتکەی سوور و شینی لەندەن بەڕێوەدەچێت، چێڵسی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا رووبەڕووی ئارسیناڵ دەبێتەوە، ئەم یارییەش کێبڕکێی تەکتیکی نێوان دوو قوتابی گواردیۆلایە، کە میکێل ئارتێتا و ئێنزۆ مارێسکان، هەردوو یانەکە لە پلەی پێنجەم و شەشەم خۆیان گرتووە و بە جیاوازی گۆڵ چێڵسی لە پێش ئارسیناڵەوەیە، بۆیە چاوەڕێى رکابەرییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو یانەکەدا دەکرێت، بەتایبەت کە هەردوولا لە تواناکانی چەند یاریزانێکی گرنگییان بێبەشدەبن.
بەدەستهێنانی سێ خاڵی هەر یارییەک بۆ هەردوو جەمسەرەکە سەنگی مەحەکە، چونکە ئارسیناڵ لە پلەی سێیەمەوە لە ماوەیەکی کەم هاتە پلەی شەشەمی ریزبەندی و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای چێڵسیەوە دێت.
گەنەرز تاوەکو 10 یاریی سەرەتای وەرز لە تۆپ سێی ریزبەندیی کێبڕکێی دەکرد و هیچ شکستێکی نەبوو، بەڵام یانەکە ماوەیە بە بارودۆخێکی ناجێگیر تێدەپەڕێت و سێ شکستی تۆمارکردووە، لە رووی تۆمارکردنی گۆڵیشەوە بەهێز نییە کە تاوەکو ئێستا 29 گۆڵی کردووە، لە بەرامبەردا 13 گۆڵیشی لێکراوە.
ئەوەی بۆ ئارسیناڵ کێشەیە دەرەوەی یاریگەی خۆیەتی، ئەو سێ شکستەی کە تاوەکو ئێستا تۆماریکردووە هەرسێکیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە، لە هەرسێکیشیاندا چوار گۆڵی لێکراوە، بۆ ئەم یارییەش لە تواناکانی کالافیۆری، تۆماسیۆ و دێکلان رایس بێبەش دەبێت.
یارییەکە دەبێتە شەڕی تاکتیکی نێوان دوو قوتابی گواردیۆلا، چونکە ئارتێتا و مارێسکا، رۆژێک لە رۆژان لە تەنیشت گواردیۆلا دانیشتوون و زۆر شت لەو راهێنەرەوە فێربوون.
لە بەرامبەردا چێڵسی، ئەنجامەکانی وئاستی نزیکە لە ئارسیناڵ، بلوزی لەندەن، لە وەرزی نوێ چوار شکستی هەیە، بەرامبەر مان یونایتد و نیوکاسڵ و لیڤەرپووڵ و مان سیتی، یەکسانبوونێک و سێ شکستی تۆمارکردووە، ئەمەش گومانی لەسەر ئاستی یانەکە دروستکردووە کە لەوانەیە وەک ساڵی رابردوو نەتوانێت کێبڕکیی یانە گەورەکانی خولەکە و تۆپ چواری ریزبەندی بکات، بەتایبەت بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی جەیدن سانچۆ و کۆڵ پاڵمەر بێبەشدەبێت، کە یەکێکن لە کاریگەرترین یاریزانەکان.
چێڵسی و ئارسیناڵ لە مێژوودا 76 جار بەرامبەر یەکدی یارییان کردووە، چێڵسی 26 بردنەوە و ئارسیناڵ 28 بردنەوەی تۆمارکردووە، بۆیە یارییەکە سەنگی مەحەک دەبێت بەتایبەت کە لە ئێستادا هەردوو یانەکە ئاستییان لە یەکەوە نزیکە.