نەرمین مەعروف: ماددەى 12ـى تایبەت بە نەوتى هەرێمى کوردستان هەمواردەکرێتەوە

بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا

ئەندامێکى لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، "لە هەموارى ماددەى 12ـى یاساى بودجەدا، تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، لە شەش دۆلارەوە کراوە بە 16 دۆلار، بەڵام هەموارەکە بۆ پەسەندکردنى، پێویستى خوێندنەوەى یەکەم و دووەمە".

نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "چاوەڕوانین هەفتەى داهاتوو هەموارى ماددەى 12 لە یاساى بودجە سێ ساڵییەکەدا کە تایبەتە بە نەوتى هەرێمى کوردستان، بگاتە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و رێکارە پەرلەمانییەکانى بۆ بگیرێنەبەر."

گوتیشى، "پشکى هەرێمى کوردستان کە 20.9 تریلیۆن دینارە دەستکاری ناکرێت، بەڵکو تەنیا وەزارەتى دارایى عێراق لە بودجەى سیادى، خەرجیى زیادەى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دابین دەکات".

ئەندامەکەى لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژەى بەوەشکرد، رۆژى چوارشەممە، لیژنەى دارایى بانگهێشتى وەزارەتى نەوتى عێراق دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پرسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و هەموارى ماددەى 12ـى یاساى بودجە.

راشیگەیاند، بودجەى وەبەرهێنان لە پشکى هەرێمى کوردستان، بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان خەرج ناکرێت، تاوەکو ئەو کاتەى داهاتى نەوتى و نانەوتی بەتەواوی رادەستى عێراق دەکات.

لەكۆبوونەوەی رۆژی 5ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بڕیاریدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتەی لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە بەرهەم دێت و لەلایەن سۆمۆوە وەردەگیرێت بگرێتە ئەستۆ و تێچووەكەش بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار دەخەمڵێندرێت.