پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یادی بنیادنانی شاری سلێمانیدا

test
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی 240 ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە " راستییەکە و حاشای لێناکرێت سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 240 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی 240 ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێك دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک شانازییەک بۆ مێژووە زێڕین و درەوشاوەکەی تۆماردەکات و دەگەشێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، " ئەمڕۆ لە قووڵایی دڵمانەوە دروود و سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە دەنێرین کە بەشێکی گرنگ و کاریگەری مێژووی شارە حەیاتەکە بوون و سلێمانییان کردە سیمبوولی کوردایەتی و دادپەروەری".

سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندووە، "بە پێزانینەوە یادی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەمان دەکەینەوە کە مۆرکی رۆشنبیرییان بە شاری شاران بەخشی و سەری رێز بۆ مێژووی هەوڵدان و پڕ لە بەرهەمیان دادەنەوێنین، بێگومان دڵسۆزی و خۆڕاگریی سلێمانییە سەربەرزەکانیش لەیادناکەین کە سەرباری هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکان، کە سەرەڕای هەموو سزا سیاسی و جیاکارییەکان، وەکو گۆیژە بەپێوە مانەوە".

باسی لەوەشكردووە، ئەوانەی لە رابردوودا و بە هەر مەبەستێک دژایەتیی سلێمانییان کردووە و بە هەر هۆکارێک ئەم شارەیان فەرامۆشکردووە، بەداخەوە نە ئاشنای مێژووی شارەکەن و نە دەتوانن لەو رۆحە زیندووە ئازادیخوازەی خەڵکەکەی تێبگەن، راستییەکە و حاشای لێناکرێت سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە، بیرە ئازاد و رۆشنگەرەکەی نایەوێت تەسلیمی ئیرادەیەکی فەرزکراوبێت و دژی خواستەکانی بوەستێتەوە".

سەرۆكی یەكێتی گوتووشیەتی، "ئەوەی ئەمڕۆ سلێمانی و خەڵکەکەی پێویستییانە، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە، ئەوەی دەبێت پێشکەشی سلێمانی بکرێت پێویستە زۆر لەوە زیاتر بێت کە بە کوردستانی بەخشیووە و دەیبەخشێت، بۆ ئێمەش کە بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان لەسەر شانە، سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت، سلێمانی لە رۆحماندایە و وەکو چاومان دەیپارێزین".

loading....