ماڵپەڕی شەفافییەت: داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 12 ملیار دینار بووە 

فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویکردەوە، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 12 ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر زیاتر لە 4% زیادیکردووە

 بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێکەوتی 9 تاوەکو 15ـی تشرینی دووەمی 2024، 12 ملیار و 402 ملیۆن و 226 هەزار دینار بووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، بەراورد بە هەفتەی پێشوو، داهاتى هەردوو پارێزگاکە، 493 ملیۆن دینار زیادیکردووە.

داهاتەکانی ماڵپەڕی شەفافییەت نا نەوتیین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی یەک، گەنجینەی دوو، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.

 ماڵپەڕی شەفافییەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاونیشتمانییان لە دامودەزگاکانی حکومەتە و لە رۆژی 15ـی کانوونی یەکەمی 2022ـەوە خراوەتەکار.