وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشمهرگه له ئامادهباشیی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و جەختی لەوەشكردووەتەوە، جموجوڵ و مەترسییەکانی داعش هێشتا کۆتاییان نەهاتووە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "بە داخ و خەمێکی زۆرەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی فەوجی 3ـی لیوای 1ـی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا تەقییەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەداخەوە عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوجی سێ و عەقید ئەندازیار محەمەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سوپای عێراق و ن.ظ شەریف ئەحمەد محەمەد، لەو رووداوە تیرۆریستییەدا شەهیدبوون".
وەزیری پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆى ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکات و دەڵێت "لە پەروەردگاری میهرەبان داواکارین گیانیان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆی شادبکات و سەبووری و دڵئارامیش ببەخشێت بە خانەوادە و هاوسەنگەران و ئێمە و هەموو کوردستانیان، هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین".
دووپاتیشیكردووەتەوە، خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە هێزی پێشمهرگه له ئامادهباشیی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان، جموجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا".
شۆڕش ئیسماعیل روونیشیكردووەتەوە، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاریی سوپای عێراق بەردەوامدەبێت".