ئەمڕۆ سێشەممە، دوایین وادەی تۆماری پرۆسەی بایۆمەتری و یو پی ئێنە لە هەرێمی کوردستان.
پێشتر لە 27ی تشرینی یەکەمی 2024ـدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو "پێویستە هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تاوەکو ئێستا یو پی ئێن-یان نییە و خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە، تاوەکو 20ـى تشرینی دووەمی 2024 خۆیان تۆمار بکەن".
هەروەها بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستمی بایۆمەتری هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتەوە بە هۆکاری جیاواز لە دەرەوەی وڵاتن یاخود مۆڵەتی بێمووچە و خوێندن و هیدیکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە 20ـى تشرینی دووەم پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی بەڕێوەدەچێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە پشووی فەرمی راگەیەندراوە و تاوەکو ئێستاش نازانرێت جارێکى دیکە بڕیار لەبارەى ئەنجامدانى بایۆمەترى و یو پی ئێن دەردەکرێت و ماوەکەی درێژدەکرێتەوە یاخود نا.