بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بڕیارێك دەربارەی خانەنشینی فەرمانبەران دەردەكات و جەختدەكاتەوە، هەر فەرمانبەرێک داوای خانەنشینبوون بکات، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی راژەی 15 ساڵ بێت، دەشڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی دەستیانلەكاركێشاوەتەوە یان فەسڵكراون دەتوانن داوای خانەنشینی بكەن.
بەگوێرەی گشتاندنێک، كە واژۆی بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی لەسەرە و ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کراوە، هەر فەرمانبەرێک داوای خانەنشینبوون بکات، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی راژەی 15 ساڵ بێت، ئەوانەشی تەمەنیان 45 ساڵە دەبێت راژەی خزمەتیان 25 ساڵ بێت.
هەر بە گوێرەی گشتاندنەكە، ئەو فەرمانبەرانەی لەپێش 1/1/2020 فەسڵکراون یان دەستیانلەکارکێشاوەتەوە، ئەگەر لەو کاتەدا تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵەوە بووبێت و 20 ساڵ خزمەتیان هەبووبێت، دەتوانن خانەنشین ببن.
جەختیشیكردووەتەوە، ئەوانەشی لە پاش هەمان رێککەوت فەسڵکراون یان دەستیانلەکار کێشاوەتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە و 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، بە هەمان شێوە دەتوانن مامەڵەی خانەنشینبوون بکەن.