لایەنگیریکردنی ئیلۆن مەسک بۆ ترەمپ، بووەتە هۆی توڕەبوونی بەکارهێنەرانی تۆڕی ئێکس و پەیتا پەیتا پلاتفۆرمەکە جێدەهێڵن.
ئەو بەکارهێنەرانەی تۆڕی ئێکسی ئیلۆن مەسک بەجێدەهێڵن، روو لە پلاتفۆرمێکی هاوشێوەی ئەو دەکەن بە ناوی بلوسکای، کە لە دوای کڕینەوەی تۆڕی ئێکس لەلایەن مەسکەوە زیاتر بەناوبانگبوو.
هەرکاتێک پلاتفۆرمی ئێکس بڕیارێک دەدات، بەکارهێنەرە ناڕازییەکان تۆڕەکە جێدەهێڵن، ئێستا بەشێوەیەکە رۆژانە ملیۆنێک بەکارهێنەری نوێ دەچنە ناو پلاتفۆرمەکە.
جێهێشتنەکە تەنیا هاوڵاتیانی ئاسایی نین، بەڵکو دامەزراوە گەورەکانیشی گرتووەتەوە و رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، یەكێك بوو لەوانەی بەم دواییە ئێکسی بەجێهێشت و پێش ئەمەش چەندین کەسایەتی بەناوبانگی ئەمریکا ئێکسیان بایکۆتکرد و ئەکاونتەکانیان لە تۆری بلوسکای کردەوە.
بۆچی بەکارهێنەران ئێکس بەجێدەهێڵن؟
بەجێهێشتنی ئێکس لەلایەن بەکارهێنەرانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، یەکێک لەوانە خاوەندارێتیکردنی تۆڕەکەیە لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە کە پاڵپشتیکەرێکی بەهێزی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە، لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەی دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، 700 هەزار بەکارهێنەری نوێ چوونە ناو بلوسکای کە زۆرینەیان ئەمریکی بوون.
هەروەها لەدوای ئەوەی ئێکس بڕیاریدا شێوازی بلۆککردن لە پلاتفۆرمەکەی بگۆڕێت و رێگا بە کەسانی بلۆککراو بدات پۆستی ئەو کەسە ببینن کە بلۆکی کردوون، لە ماوەی یەک رۆژدا، 500 هەزار بەکارهێنەری نوێ تۆڕەکەیان جێهێشت و چوونە ناو بلوسکای.
لە لایەکی دیکەشەوە بەکارهێنەرانی ئێکس بەردەوام گلەیی زیادبوونی پۆست و گوتاری رقاوی و هەواڵی ساختە لە پلاتفۆرمەکە دەکەن، بە پێچەوانەوە مەسک پاڵپشتی لە ئازادی قسەکردن و نەبوونی سانسۆر لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیدا دەکات.
بلوسکای چییە؟
بلوسکای تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە، دیزاینی پلاتفۆرمەکە زۆر لە تویتەری جاران دەچێت، بەڵام ئەمەش بە رێکەوت نییە، دامەزرێنەری بلوسکای جاک دۆرسییە کە پێشتر سەرۆکی تویتەر بوو، هەرچەندە چیدیکە سەرۆکی بلوسکایش نەماوە و لەمساڵدا دەستیلەکارکێشایەوە.
بەکارهێنەرانی بلوسکای دەتوانن پۆست بکەن و کۆمێنت بنووسن و ریپۆستی کەسانی دیکەش بکەنەوە.
ئەوەی بلوسکای جیاوازکردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ئەوەیە، بەکارهێنەران دەتوانن داتاکانیان لەناو سێرڤەری جیاواز لە کۆمپانیاکە هەڵبگرن، واتا بەکارهێنەر دەتوانێت هەژمارێک لە پلاتفۆرمەکە دروستبکات کە بە تەواوی خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خۆی، نەوەکو کۆمپانیای بلوسکای، هەروەها جیاوازییەکی دیکەشی ئەوەیە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە هیچ جۆرە ریکلامکردنێکی تێدانییە.
بلوسکای لە ساڵی 2019ـەوە هەیە، بەڵام تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش لە رێگەی بانگهێشتنامەوە کاریدەکرد و دواتر بە دیاریکراوی لە مانگی شوباتدا، تایبەتمەندیی بانگهێشتکردنەکەی لابرد، ئێستا ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە، بەتایبەت لای ئەمریکییەکان و لەدوای هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، رۆژانە بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران، ئێکس بەرەو بلوسکای بەجێدەهێڵن.
بۆ ئێستا داهاتووی بلوسکای نادیارە، بەڵام لە گەشەکردن و زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەران بەردەوامە و رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک بەکارهێنەر زیاددەکات، لەکاتی نووسینی ئەم راپۆرتەدا، ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتووەتە زیاتر لە 20 ملیۆن کەس.