/

قەدەغەی هاتوچۆ کاریگەریی لەسەر ژینگە و تەندروستی چییە؟

سلێمانی لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ

لە ساڵی 2020، کاتێک دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 قەدەغەی هاتوچۆ لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان راگەیەنرا، پسپۆڕانی ژینگە سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی پەتا نوێیەکە بوون، بەڵام بە هەیەجانەوە چاوەڕوانی بینینی ئەو گۆڕانکارییانە بوون کە بەسەر ژینگەدا دێن، چونکە نزیکەی سەدەیەک بوو شارەکان ئاوا بە چۆڵی نەبینرابوون.

لە سەرەتای کەرەنتینەوە، پێشبینیدەکرا کە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی کەرەنتین لەسەر ژینگە زۆربن، بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ چاودێریکردنی زیاتردا، دەرکەوت کە کەرەنتین دەکرێت کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت لەسەر ژینگە.

یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکان، زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی پلاستیک بوو، چونکە ژمارەی دەستکێش و ماسکی بەکارهاتوو لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد.

کاریگەرییە ئەرێنییەکان چی بوون؟

بەهۆی کەرەنتینی کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، هاتوچۆی فڕۆکە و ئۆتۆمبێلەکان بە زیاتر لە %50 کەمبووەوە. ئەمە وایکرد لە شارێکی وەکو بێیجینگ، کە بە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان لەڕووی هەواوە دادەنرێت، رێژەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە %70 کەمببێتەوە، هەروەها لە کالیفۆرنیاش بە رێژەی %50 رێژەی گازەکە کەمبووەوە. ئەم کاریگەرییانە تەنیا پەیوەست نەبوون بە یەک ناوچەوە، بەڵکو رێژەی گازە ژەهراوییەکە لەسەر ئاستی جیهان بە نزیکەی %7 کەمبووەوە.

یەکێکی دیکە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی کەرەنتین هاتنەوەی ئاژەڵەکان بوو بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر قەرەباڵغ بوون. لەو کاتەدا چەند وێنەیەک لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە کە ژمارەیەک ئاسک لە نزیک کۆشکی سپی بینرابوون، هەروەها لە چەند شوێنێک تێبینیی دۆلفینەکان لە نزیک کەناردەریاکاندا کرابوو.

ئەم کاریگەرییانە راستەوخۆ پەیوەست بوون بە تەندروستیی مرۆڤەوە، بەگوێرەی مەزەندەکانی یەکێتیی ئەورووپا، کەرەنتین ژیانی 11 هەزار کەسی بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە ئەورووپا پاراست، ژمارەی ئەو منداڵانەی تووشی رەبۆ بوون لەو ماوەیەدا 6000 کەس کەمتربوو بەراورد بە ساڵانی پێشتووتر، هەروەها 600 منداڵی نەبەکامیش کەمتر لەدایکبوون.

لە بەریتانیا، نزیکەی دوو ملیۆن کەس کە پێشتر بەدەست نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەوە دەیانناڵاند نیشانەکانی کەمترببوونەوە و کەمتر پێویست بوو سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

ئێستا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەرێمی کوردستان و عێراق قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە، دەکرێت بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێل و کارگانەی لەکاردان، هەوای شارەکان تاوەکو ئاستێکی کەم پاکببێتەوە، بەڵام ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەوانەیە بەشی ئەوە نەکات کە گۆڕانێکی بەرچاو ببینرێت.